بەریتانیا سزای نوێ بەسەر ئیسرائیلدا دەسەپێنێت

جیهان

35 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 88

راچڵەكین -

حكومەتی بەریتانیا بڕیاریدا سزا بەسەر هەشت كۆمپانیای ئیسرائیلیدا بسەپێنێت بەهۆی بەشداریكردنیان لە دروستكردنی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونی جوو لە كەناری خۆرئاوای فەلەستین.

ئەمڕۆ سێشەممە 17-11-2026، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، حكومەتی لەندەن بڕیاریداوە بە سەپاندنی سزا بەسەر هەشت كۆمپانیای ئیسرائیلی كە بەشدارن لە دروستكردنی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونی جوو لەسەر خاكی فەلەستینییەكان لە كەناری خۆرئاوا.

ئید میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، هەڵوێستی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە كە دژی دتاگیركردنی خاكی زیاتری فەلەستینییەكانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەناوی دروستكردنی كۆمەڵگەی نوێی نیشتەجێبوون لە كەناری خۆرئاوا، وتیشی:" لە بەرامبەر ئەو كەسانە دەستەوەستان نابین كە دژی چارەسەری دوو دەوڵەتین بۆ ئیسرائیل و فەلەستین و تەگەرە دەخەنە بەردەم گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ كەرتی غەززە".

ئەم بڕیارە نوێیەی بەریتانیا لەكاتێكدایە ماوەی چەند ساڵێكە پەیوەندییەكانی نێوان لەندەن و تەلئەڤیڤ گرژیی بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی شێوازی مامەڵەكردنی ئیسرائیل لەگەڵ كەرتی غەززە و پلانەكانی بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی زیاتری نیشتەجێبوون لە كەناری خۆرئاوا، تائێستاش بەریتانیا چەندین رێوشسوێنی لەدژی ئیسرائیل گرتووەتەبەر، لەوانەش بایكۆتكردنی هاوردەكردنی هەموو ئەو كاڵایانەی كە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونی جوو لە كەناری خۆرئاوا بەرهەمدەهێنرێن، لەكاردانەوەی ئەو هەڵوێستانەش، حكومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا بە داخستنی كونسوڵخانەی بەریتانیا لە قودسی رۆژهەڵات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن