پێدانی قەرزی نیشتەجێبوون لە عیراق دەستپێدەكات

ئابوری

54 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 131

راچڵەكین -

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عیراق دەستپێكردنی پێدانی قەرزی نیشتەجێبوون رادەگەیەنێت كە بڕەكەی 60 ملیۆن دینارە و ئاشكراشی دەكات لە رۆژی 20ی مانگی داهاتووەوە پێشكەشی ئەلیكترۆنی بۆ وەرگرتی قەرزەكە دەستپێدەكات و ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت.

رێباز حەملان، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عیراق، رایگەیاند: لەسەر راسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق و لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكانی بانكی ناوەندیی كە بڕی 500 ملیار دیناری تەرخانكردووە، بۆ پێدانی 10 هەزار قەرزی نوێی نیشتەجێبوون، برشە پارەكە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان و رێژەی هەژاری، بەسەر پارێزگاكانی عیراقدا دابەشدەكرێت.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە روونیكردەوە، بڕی قەرزەكە 60 ملیۆن دینارە و سوودی 25ی دەچێتەسەر، ماوەی دانەوەی پارەكەش 15 ساڵە. رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2026 پێشكەشیكردنی ئەلیكترۆنی بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی قەرزەكە دەكرێتەوە و تا كۆتایی دەوام لە رۆژی 27ی ئەو مانگە بەردەوام دەبێت.

لەبارەی مەرجەكانی سوودمەندبوون لە وەرگرتنی قەرزەكە، وەزارتی ئاوەدانكردنەوەی عیراق ئاشكرایكردووە، پێشكەشكاران دەبێ تەمەنیان لەنێوان 18 - 65 ساڵ بێت، رووبەری زەوییەكەشیان نابێ لە 100 مەتر دووجا و رووبەری بیناكەش لە 65 مەتر دووجار كەمتر بێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن