راچڵەكین -
مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستانەوە، بەلاغێك بڵاودەكاتەوە و بڕیاریشیدا بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە چەقبەستووییەی كە هەیە چەند هەنگاوێكی كردەیی بنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 23/11/2026 لەشاری سلێمانی، مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆبووەوەو پاش كۆبوونەوەش بەلاغێكی بڵاوكردەوە.
لە بەلاغەكەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوودا هاتووە، بەشێكی زۆری كۆبوونەوەكە تایبەت كرا بە ئەو بارودۆخە چەق بەستوییەی سیاسیەی هەیە، كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە قەیرانی سیاسی، ئابووری و كارگێڕیدا تێدەپەڕێت، كە بووەتە هۆی سەختبوونی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و لاوازبوونی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەكان.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، وەك هەمیشە لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقی، لە قۆناغەكانی ڕابردوودا چەندین هەنگاوی كردەیی و دەستپێشخەریمان خستووەتەڕوو؛ هەر لە پێشكەشكردنی پڕۆژەی چاكسازی و هەوڵدان بۆ یەكڕیزی نیشتمانی و تەبایی نێوان لایەنەكان، تا دەگاتە بڕیاری كشانەوە لە حكومەت و هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوون، وەك هەڵوێستێكی مەبدەئی دژی گەندەڵی و قۆرخكاری و بۆ بەرجەستەكردنی ئیرادەی گەل. بەداخەوە لە بری بەدەمەوەهاتنی ئەو هەنگاوە دڵسۆزانەیە، دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی پەراوێزخستن و درێژەدان بە قەیرانەكان.
مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی جەختی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە كردەوە:
1/ بەرپرسیارێتی مێژوویی و یاسایی: هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) بەرپرسیاری یەكەم و سەرەكین لە دۆخی چەقبەستوویی سیاسی و ئەگەری لەتبوونی هەرێم و لاوازكردنی زیاتری پێگە سیاسیەكەی و دەرهاویشتە خراپەكانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پەكخستنی دامەزراوە شەرعییەكان، چونكە جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی و داهاتی ئەم وڵاتە لەژێر دەستی ئەواندایە.
2/ كۆتاییهێنان بە قۆرخكاری: پێویستە چیتر بەرژەوەندی حزبی و كەسی نەخرێتە پێش بەرژەوەندی باڵای هاووڵاتیان، و هەنگاوی جدی بنرێت بۆ شەفافیەت لە داهات و چاكسازی ڕاستەقینە لە سیستەمی حوكمڕانیدا. پاراستنی قەوارەی هەرێم و شكۆی هاوڵاتیەكانی لەسەروی هەموو شتێكەوە بێت.
3/ پشتگیریكردنی داوا ڕەواكان: یەكگرتوو وەك هەمیشە لە سەنگەری بەرگریكردن لە ماف و داوا ڕەواكانی مووچەخۆران و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دەمێنێتەوە و پشتیوانی هەموو خەباتێكی مەدەنی و ئاشتیانە دەكات.
مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو داوای لە لایەنەكانی دەسەڵات كردووە "بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و چیتر هاووڵاتیانی كوردستان نەكەنە قوربانی ململانێ حزبییەكانیان، چونكە مێژوو و گەل ڕەحم بە كەس ناكەن".
لە كۆتایی بەڵاغەكەدا جەخت لەوەكراوەتەوە كە مەكتەبی سیاسی بڕیاری وەرگرت بۆ دەرچون لەم بارودۆخە چەقبەستویەی كە هەیە چەند هەنگاوێكی كردەیی بنێت.