"بەكارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە رەتدەكەینەوە"

کوردستان

25 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 44

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ چارەسەرەكردنی كێشەكان لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور.

ڕۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی بڕیارو راگەیەندراوەكەی وتەبێژی سەربازی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق لەبارەی كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنورییەكان و كێڵگەی نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەرێمی كوردستان پابەندە بە جێبەجێكردنی هەموو ئەركە دەستوورییەكانی خۆی لە هەمان كاتدا داوای جێبەجێكردنی هەموو مافە دەستوورییەكانی خۆی دەكاتەوە و وەك هەمیشە ئامادەیی خۆشی بۆ چارەسەرەكردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە:" ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو راگەیاندراوە دەردەبڕێت كە بە ناوی وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق بڵاوكرایەوە، چونكە پێشێلكارییەكی دەستووریی و مافە دەستوورییەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستانە و ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عیراق بۆ رژێمێكی ناوەندی و مەركەزی كە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عیراقە. بۆیە بەكارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە رەتدەكەینەوە كە دیارە پلانێكی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان."
 
ئەنجوومەنی وەزیران، دەڵێت هەرێمی كوردستان، بەردەوام پشتیوانیی هەر رێكارێك بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر كارێكی نایاسایی و بەردەوامیش هاوكار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر كارێكی نایاسایی. داواش دەكەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بنبڕ بكرێت.

" هەرێمی كوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكان و خوێنی هەزاران شەهیدە و كەس خێری بە خەڵكی كوردستان نەكردووە، هەرێمی كوردستانیش رۆڵێكی كارا و كاریگەری لە هێنانەئارای سیستەمی فیدراڵی ئێستای عیراق هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەكانی نابێت كە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵكوو پرس و مافێكی سیاسی و دۆزی رەوای خەڵكی كوردستانە. "

ئەنجوومەنی وەزیران، جەخت لەوە دەكاتەوە، پێویستە لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەیەكتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ چارەسەر بكرێن، داواش دەكات دەستووری هەمیشەیی عیراق، بە تەواوی جێبەجێ بكرێت، كە هۆكاری چارەسەرنەبوونی كێشەكان، جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی 140ی دەستوور كە چەندین ساڵە فەرامۆش كراوە و هیچ هەنگاوێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان نەنراوە. 

" پێویستە بە پێی ماددەكانی دەستوور، ئەنجوومەنی فیدراڵی عێراق (مجلس الاتحاد العراقی) دروست بكرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور پێكبهێنرێتەوە بە شێوەیەك كە دەربڕی هەموو پێكهاتەكانی عیراق بێت . "

 ئەنجوومەنی وەزیران، سوپاسی خەڵكی كوردستان و هەموو لایەن و هێز و سیاسییەكان و پێكهاتەكانی دەكات و داواش دەكات كە بەردەوامبن لە هەڵوێستی نیشتمانیان و یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریكردنیان لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان. هەروەها داوا لە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حكوومەتی فیدراڵ دەكات بەردەوام بن لە رۆڵی نیشتمانییانەی خۆیان لە داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان . 

ئەنجومەنی وەزیران، داوا دەكات هەر كەسێك دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان و بنەما دەستوورییەكان و بەرژوەندییە نیشتمانییە باڵاكان كوردستان ڕەفتاربكات و خەڵك هان بدات بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتەتیكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان پێویستە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن