دادگای فیدراڵی لەبارەی بڕیارەكانی عەلی زەیدی بەرامبەر هەرێمی كوردستان قسەی خۆی كرد

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 100


راچڵەكین-

دادگای فیدراڵی عیراق لەبارەی ڕێكارو بڕیارەكانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بەرامبەر هەرێمی كوردستان قسەی خۆی كرد.

ڕۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026 دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر داوای عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیران، لەڕاگەیەندراوێكی شیكردنەوەی خۆی لەبارەی هەندێك لەماددەكانی دەستوری عیراق بڵاوكردەوە.

لەبەشێكی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق گیراونەتەبەرو دەگیرێنە بەر دەستوورین.

دادگای فیدراڵی دەڵێت، دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوان بەغدا و هەرێم نابێت زیان بە یەكپارچەیی و سەروەریی دەوڵەت بگەیەنێت یان دەسەڵاتە تایبەتەكان پارچەپارچە بكات:" پاراستن، دابینكردنی ئاسایش و بەرگریكردن لە سەرجەم سنوورە نێودەوڵەتییەكانی عێراق، بە سنوورەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، دەسەڵاتی تایبەتی حكومەتی فیدراڵییە و مافی بڵاوەپێكردنی هێزە چەكدارە فیدراڵییەكانی هەیە."

لەبەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەسەڵاتە فیدراڵییەكان مافی سەرپەرشتی، چاودێری و كۆنترۆڵكردنی كارەكانی سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی عیراقیان هەیە، بە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەماهەنگیی گومرگی لەگەڵ هەرێمدا.

" نەوت و گاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە و بەڕێوەبردنیان بە هاوبەشی دەبێت؛ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و دەزگا چاودێرییەكان دەسەڵاتی سەرپەرشتی و وردبینییان لە كێڵگە، كردار و گرێبەستەكانی بەرهەمهێنان، دەرهێنان، بەبازاڕكردن و هەناردەكردندا هەیە."

" داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی، دیاریكردنی پێناسەی گومرگیی یەكگرتوو و سەرپەرشتی و وردبینیكردن لە باج، ڕسوومات و داهاتە نانەوتییەكان لە عێراق و هەرێم و گەڕاندنەوەیان بۆ گەنجینەی گشتی لە دەسەڵاتی بەغدایە."

دادگای فیدراڵی دەڵێت، سنووری جوگرافیی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە لە 19/3/2003 لە ژێر ئیدارەی هەرێمدا بوون لە پارێزگاكانی دهۆك، هەولێر، سلێمانی، كەركووك، دیالە و نەینەوا، بە ڕەچاوكردنی ماددەی 140 بۆ ناوچە جێناكۆكەكان:" بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی دەكەونە دەرەوەی ئەو سنوورە تەنیا لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدایە و ئیدارەدانی كرداریی هەرێم لەو ناوچانەدا هیچ دەسەڵاتێكی دەستووریی بۆ دروست ناكات."

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە، بڕیارەكە بە زۆرینەی دەنگ و ناڕەزایەتیی دوو ئەندام دەرچووە، بنبڕە و جێبەجێكردنی بەسەر سەرجەم دەسەڵاتەكاندا سەپێنراوە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن