پارێزگاری هەولێر بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی جەماوەریی دەكات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 99

راچڵەكین -

پارێزگاری هەولێر بانگەواز بۆ ئەنجامدانی گەورەترین گردبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەریی دەكات و رایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ خاك و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی، یەكدەنگی و هەڵوێستی مەردانەی ئێوەی دڵسۆز هەیە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بانگەوازێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 25-11-2026 بڵاویكردووەتەوە، داوایكردووە، لەپێناو پشتیوانیكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی خاكە پیرۆزەكەی، سبەی پێنجشەممە 26ـی 11ـی 2026، كاتژمێر 10:30ـی بەیانی لە باغی شار (نزیك قەڵای سەربەرزی هەولێر)، گەورەترین گردبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەری و نیشتمانی ساز بكرێت.

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاندووە، لە گردبوونەوەكەی سبەینێ، تەنها ئاڵای كوردستان بەرزدەكرێتەوە و رێگە بە بەرزكردنەوەی هیچ ئاڵا و دروشمێكی دیكەی حزبی یان تایبەت، نادرێت.

دەقی بانگەوازەكە:

بانگەوازێكی نیشتمانی لە پارێزگاری هەولێرەوە

جەماوەری خۆڕاگر و خۆشەویستی شاری هەولێر، سەرجەم چین و توێژەكان، پێكهاتە و ئازادیخوازان...

ئەمڕۆ خاك و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی، یەكدەنگی و هەڵوێستی مەردانەی ئێوەی دڵسۆز هەیە.

لە پێناو پشتیوانیكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی خاكە پیرۆزەكەی، سبەی پێنجشەممە 26ـی 11ـی 2026، كاتژمێر 10:30ـی بەیانی لە باغی شار (نزیك قەڵای سەربەرزی هەولێر)، گەورەترین گردبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەری و نیشتمانی ساز دەكرێت.

هەولێر هەمیشە قەڵای بەرگری و سەرمەشقی هەڵوێستە نیشتمانییەكان بووە، بۆیە داوا لە گەورە و بچووك، فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابیان، كرێكاران، كاسبكاران، گەنجان، ئافرەتان، سەرجەم لایەنە سیاسییەكان، پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەین، بە جۆش و خرۆشێكی كوردانەوە بەشدارییەكی فراوان و كارایان هەبێت، بۆ ئەوەی پەیامێكی ڕوون، ئاشتیخوازانە و یەكگرتوو بگەیەنینە هەموو جیهان.

جەخت دەكەینەوە كە لەم گردبوونەوەیەدا تەنها ئاڵای پیرۆزی كوردستان بەرز دەكرێتەوە و بەرزكردنەوەی هیچ ئاڵا و دروشمێكی دیكەی حزبی یان تایبەت ڕێگەپێدراو نییە، چونكە سبەی ڕۆژی كوردستانە و هەموومان لە ژێر سایەی یەك ئاڵادا كۆدەبینەوە.

سەبارەت بە دەوامی فەرمی، ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەكەینەوە كە سبەی پشووی فەرمی نییە و دەوامی دامودەزگاكان ئاسایی دەبێت بۆ ڕاییكردنی كاروباری هاووڵاتییان، بەڵام دەسەڵاتی تەواو دراوە بە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگە و ناوەندەكانی خوێندن كە هەموو ئاسانكارییەك بكەن و مۆڵەت بدەنە فەرمانبەران و مامۆستایان تاوەكو بتوانن بەشداری لەم ئەرك و هەڵوێستە نیشتمانییەدا بكەن.

چاوەڕوانی هیممەت، غیرەت و ئامادەبوونی دڵسۆزانەی هەمووانین لە پێناو شكۆی كوردستاندا.

ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
25ـی 11ـی 2026

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن