هەرێم وەڵامی راپۆرتێكی هیومان رایتس وۆرچ دەداتەوە

کوردستان

22/05/2020     ژمارەی بینراو 470

راچڵەكین

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم، وەڵامی راپۆرتێكەكەی رێكخراوی هیومان رایستس وۆچ دەداتەوە، كە لەبارەی خۆپیشاندانەكەی دهۆك بڵاویكردووەتەوە، راشیدەگەیەنێت: راپۆرتەكە پشتی بە لێدوان و وتەی چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێنەكراو بەستووە.

دیندار زێباری لە راگەیەندراوەكێدا ئاماژەی بەوە داوە، رۆژی 19-5-2020 رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی بە ناوی (دەسەڵاتی كوردی پەنا بۆ داپڵۆسینی خۆپیشاندانەكان دەبات) بڵاوكردووەتەوە، تێیدا باسی لەو خۆپیشاندانە كردووە كە رۆژی 16ی ئەم مانگە لە شاری دهۆك ئەنجامدرا.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، رەخنەی لە راپۆرتەكەی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە گرتووە، كە بە شێوەیەكی گشتگیر و بە ئەنقەست نوسراوە، ئەمەش لە شێوەی نووسینی راپۆرتەكە و مانشێتەكەیدا بە ئاشكرا دیارە.

دیندار زێباری رایگەیاندووە، هیومان رایتس وۆچ داوای هیچ وردەكارییەكی لە حكومەتی هەرێم نەكردووە لەبارەی خۆپیشاندانەكە، لە راپۆرتەكەشیدا پشتی بە لێدوان و وتەی چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێنەكراو بەستووە، بۆیە ناكرێت حكومەتێك بە پشتبەستن بە سەرچاوەی نادیار تۆمەتبار بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە كە راپۆرتەكانی رێكخراوی ناوبراو بێلایەن نییە، بەڵكو سیاسییە و لە رێگەی راپۆرتەكانییەوە نیازی ئەوەی هەیە راستییەكان بشێوێنێت و هەوڵی ناوزڕاندن بدات، چونكە لەم راپۆرتەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چەند شوێنێك بەراورد دەكات، كە بە هیچ شێوەیەك هاوكارییان ناكەن و تەنانەت رێگەی كاركردنیشیان پێ نادەن.

سەبارەت بە داوا رەواكانی خۆپیشاندەرانیش، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم وتی: ئامانجی حكومەتی هەرێم دابینكردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیان و موچەخۆران، بەڵام ئەو بارودۆخەی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا هاتووەتە ئاراوە، قەیرانێكی نێودەوڵەتیی درووستكردووە، كە ئێستا هەموو جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت و تایبەت نییە بە شوێنێكی دیاریكراو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن