دەیان كەسی دیكە لە شارۆچكەی پێنجوێن تووشی كۆرۆنا بوون

کوردستان

04/06/2020     ژمارەی بینراو 825

راچڵەکین-کۆچەر عەزیز

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پێنجوێن رایدەگەیەنێت، نزیكەی ٦٠ حاڵەتی تووشبوون بەكۆرۆنا لەشارۆچكەكە تۆماركراون و لەئێستادا لەشاری سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشكیدان. دەشڵێت، دوای وەرگرتنی زیاتر لە 400 پشكنین، چاوەڕوان دەكرێت ٥٠ كەیسی دیكەی تووشبوون بەكۆرۆنا تۆماربكرێن.

خالید عەبدوڵڵا، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٤-٦-٢٠٢٠ لە لێدوانیكدا بۆ راچڵەكین وتی:" زۆربەی تووشبووانی كۆرۆنا باری تەندروستییان جێگیرەوەو، نزیكەی ٤٠٠ پشكنینی دیكەیان ئەنجامداوە كە ٥٠ پشكنینیان پۆزەتیڤ بووە، پشكنینی دووەمیان بۆ دەكرێت و شەو ئەنجامەكان رادەگەیەندرێن."

ئاماژەی بەوەشكرد:" بڕیاردراوە پێنجوێن نیمچە كەرەنتین بكرێت و جووڵە لەناو شارۆچكەكە سنووردار دەكرێت، ئەو شوێنانەی كە زۆر پێویست نین دادەخرێن وەك مزگەوتەكان، هۆڵی وەرزشی، كافتریا، چایخانەكان رێستۆرانتەكان و قەرەباڵغی لە ناو شار كەمدەكرێتەوە، هەروەها بۆ سلێمانی و سەیدسادقیش ئەگەر بۆ كاری پێویست نەبێت رێگە بە هاتوچۆی هاووڵاتییان نادرێت."

دەشڵێت:" چەند تیمێك پێكهێنراوە بەسەر هەموو ناوچەكاندا دابەشكراوە و پشكنینی تایبەت بۆ هەموو ئەو كەسانە دەكرێت كە بەركەوتەیان  لەگەڵ تووشبووان هەیە و پشكنینی هەڕەمەكیش ئەنجامدەدرێت، لە ئەمڕۆشەوە ئەو نیمچە كەرەنتینەیە دەستپێدەكات تا كاتێكی نادیار".

سەبارەت بەوەی كە چەند پزیشك و كارمەند تووشی ڤایرۆسەكە بوون ئاماژەی بەوەشكرد:" تا ئێستا ١٨ كارمەند و دوو پزیشكی تەندروستی تووشی ڤایرۆسەكە بوون".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پێنجوێن راشیگەیاند" لە مەرزی باشماخ، هاتوچۆی بازرگانی سنوورداردەكرێت، بە تایبەت سووتەمەنی كە بڕیاری لێدراوە كەمبكرێتەوە یان قەدەغە بكرێت، كاری مەرزەكەش لە سەدا ٧٠ رادەگیرێت و تیمی تەندروستی تایبەت لەوێ دەست بەكاردەبێت".

سەبارەت بە نەمانی تیمی تەندروستی لە مەرزی باشماخ ووتیشی:" ئەو تیمە ماوەیەكی كاتی لە مەرزەكە نەمابوو، لەسەر كێشەی دەرماڵەو شایستە داراییەكان."

بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا 910 تووشبوی كۆرۆنا لەهەرێم تۆماركراون، لەو ژمارەیە 16 کەس گیانیان لەدەستداوەو 441 چاكبوونەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن