ئەمریكا یەكەم سزا بەسەر حكومەتی چین دەسەپێنێت

جیهان

04/06/2020     ژمارەی بینراو 298

راچڵەكین

ئیدارەی ئەمریكا بڕیاریدا رێگە بە فڕۆكەكانی چین نەدات لەسەر خاكی وڵاتەكەی بنیشنەوە، بڕیارەكەش لە 16ی ئەم مانگەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریكا دراوەو وەك سزایەك دێت بۆسەر حكومەتی چین بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێككەوتنی تایبەت بە گەشتكردنی ئاسمانیی لە نێوان هەردوو وڵات.

سزا نوێیەكەی ئەمریكا، هەریەك لە كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ئایر چاینا و هەردوو دامەزراوەی هێڵی فڕۆكەوانیی رۆژهەڵات و باشووری چین و كۆمپانیای ئاسمانیی هاینان دەگرێتەوە، كە گەشتی ئاسمانیی لە چینەوە بۆ ویلایەتەكانی ئەمریكا رێكدەخەن.

لەكاردانەوەی بڕیارەكەی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریكا، هەردوو كۆمپانیای فڕۆكەوانیی دەلتا ئایرلاینز و یونایتد ئایرلاینزی ئەمریكی، داوایان كرد گەشتەكانیان تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام بێت.

مانگی رابردوو، ئیدارەی ئەمریكا حكومەتی چینی بەوە تۆمەتبار كردبوو كە ئاستەنگێكی زۆر لەبەردەم گەشتی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی ئەمریكا بۆ وڵاتەكەی دروستدەكات.

بڕیارەكەی ئەمریكا لەكاتێكدایە لەوەتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە، حكومەتی چین بەشێویەكی بەردەوام فڕۆكە نەفەرهەڵگرەكانی رەوانەی ئەو وڵاتە دەكات بۆ گواستنەوەی خوێندكارە چینییەكان، كە لە زانكۆو پەیمانگەكانی ئەمریكا دەخوێنن.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن