خانەوادەی ئەو نەخۆشەی ئەمڕۆ لە سلێمانی گیانی لەدەستدا روونكردنەوەیەك بڵاودەكەنەوە

کوردستان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 17512

راچڵەكین

خانەوادەی ئەو هاوڵاتییەی كە ئەمڕۆ لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، رەتیدەكەنەوە بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدابێت، یەكێك لە براكانیشی دەڵێت: براكەم 18 ساڵە نەخۆشی تەنگەنەفەسی هەبووەو هیچ بەڵگەیەكیشمان لە تەندروستییەوە پێ نەدراوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنای هەبووبێت.

برایەكی ئەو هاوڵاتییە بەناوی دڵشاد، كە خاوەنی فەلافلی بنارە لە شاری سلێمانی و ئەمڕۆ لەلایەن تەندروستی سلێمانییەوە گیانلەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە راگەیەنرا، رایگەیاند: براكەم نزیكەی 18 ساڵە نەخۆشی تەنگەنەفەسی هەبووە، بەهۆی خۆڵبارینەكەی هەفتەی رابردووش، دووچاری هەناسەتوندی بوو، هەربۆیە رەوانەی نەخۆشخانەی كۆماریمان كردو دوو شەو لەوێ مایەوە.

وتیشی:" بەڵام لە نەخۆشخانەكە بەهۆی نەبوونی شوێن و زۆریی حاڵەتەكانی كۆرۆنا، رەوانەی نەخۆشخانەی سەرچناریان كردین و لەوێ نمونەی پكشنینیان لێی وەرگرت".

برای هاوڵاتییەكە باسی لەوەشكرد كە لە نەخۆشخانە پێیان نەوتین كە براكەم توشوی كۆرۆنا بووە، دوای گیانلەدەستدانیشی هیچ بەڵگەیەكی فەرمیمان لەلایەن تەندروستییەوە پێنەدراوە كە بیسەلمێنێت نیشانەكانی ڤایرۆسەكەی هەبووەو ئەنجامی پشكنینەكەشمان وەرنەگرتووەتەوە.

ئەمڕۆ 5-6-2020، یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە راچڵەكین-ی رایگەیاند:" ئەو تووشبووەی ئەمڕۆ لەسلێمانی گیانی لەدەستدا، پیاوێكی تەمەن ٦٤ ساڵە و زۆرینەی نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای هەبووە، هاوكات نەخۆشیی هەناسەتەنگی و كێشەی سییەكانی هەبووە".


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن