ئه‌وه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ قاوە نه‌تزانیوه‌

کشتوکاڵ

15/02/2020     ژمارەی بینراو 1912

قاوە

ڕاچڵه‌كین-

القهوه‌-البن-Coffe

مێژووی قاوە، مێژوو وا دەگێڕێتەوە کە بنەرەتی قاوە لەوڵاتی حەبەشەوە بووە،هەتا سەدەی پازدەمی زاینی. ئینجا ڕواندنی قاوە بەرەو وڵاتی یەمەن ڕۆیشتووە،تا وای لێ هات دوای ماوەیەکی کەم یەمەن بووە بەسەرچاوەیەکی جیهانی بۆناردنە دەرەوەی قاوە، ئەمەش ماوەی دوو سەدە بەردەوام بوو ،دوای ئەوە هۆڵەندییەکان وئینگلیزەکان لەیەمەنەوە قاوەیان برد بۆ ئەو شوێنانەی کەلە ناوچه‌كانی هێڵی كه‌مه‌ری كه‌داگیریان کردبوو بۆ ڕواندن ،هەروەها دوورگەی (جامایکا) بەرواندنی قاوە ناوبانگی دەرکرد،جگە لەئەمەریکای باکوری وناوەڕاست.بەڕازیلیش گونجاوترین وڵاتە بۆ ڕواندنی قاوە،تا ئێستا ۳/٤ ی پێویستی جیهانی دابین دەکات،

ڕووەکی قاوە دەوەنێکی هەردەم سەوزە،نزیکەی ٥مەتر بەرز دەبێتەوە،ئەگەر لەباخێکدا بڕوێنرێت دەبێت هەڵبپاچرێت.بۆ ئەوەی لە۲مەتر زیاتر بەرزنەبێتەوە و تابتوانن قاوەکەی لێ بچننەوە. شێوەی گەڵاکەی لەسەری قەمە ئەچێت،بەشێوەیەکی جووتی بەرانبەر یەکتر لەسەر لقەکان ڕیز دەبن، ڕووی سەرەوەی گەڵاکەی لەڕووی خوارەوەی سەوزترە.

دەوەنی قاوە بەتۆو زیاد دەکات،دەبێت ئەو تۆوە لەباشترین دەوەنی قاوە وەربگییرێت، لەپێشداتۆوەکەی لەشەتڵگەدا (مشتل) دەڕوێنرێت. دوای ساڵێک شەتڵەکان دەگوێزرێتەوە بۆ کێڵگەی تایبەتی، دەوەنی قاوە پێویستی بە هەڵپاچین و ئاودان و پەینکردن هەیە.

چنینەوەی بەری قاوە، بەرەکەی بە دەست لێی دەچنرێتەوە،چونکە هەموویان پێکەوە پێ ناگەن، دەبێت تەنیا بەرە پێگەیشتووەکانی لێ بکرێتەوە، ئەمەش چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، دەوەنی قاوە لەتەمەنی ۳ بۆ ٤ ساڵێکدا گوڵ دەکات،گوڵەکەی لەشێوەی بۆریدایە، پەرەکەی سپییە زۆر جوانە.

قاوە دەوەنێکی هەردەم سەوزە، ڕەنگێکی تۆوەکەی لەپێشدا سەوزێکی تێرە دوای ٦-۷ مانگ پێ دەگات کەپێ دەگات سوور دەبێت، کە دەبرژێنێرێت ڕەنگەکەی قاوەیی هەڵدەگەڕێت، دەهاڕرێت و لەئاودا دەکوڵێنرێت و دەخورێتەوە.

دەنکی قاوە دوای چنینەوە، هیچ تام و بۆنێکی خۆشیی نییە، بۆخواردن دەست نادات. لەبەر ئەوە پێش بەکارهێنان دەبێت ببرژێنرێت (تحمیچ) برژاندنەکە لەناو لوولەی مەعدەنیدا دەکرێت، کەبە گاز یان کارەبا گەرم دەکرێت.دوای برژاندنەکەی دەهارێت.

هەندێکجار چەند جۆرێک لەقاوە تێکەڵ دەکرێت بەمەبەستی ئەوەی کە تێکەڵێکی تام و بۆنخۆشی لێ ئامادەبکرێت، یان قاوەکە ئاوی ساردی بەسەردا دەکرێت و گەرم دەکرێت،هەرچۆنێک بێت دەبێت قاوەکە تازە بێت و برێکی زۆری تێ بکرێت و نەهێڵرێت زۆر بکوڵێت.

قاوە مادەکەیەکی تێدایە پێی دەگوترێت کافاین Caffenine فنجانێک قاوەی لێنراوی ئاسای نزیکەی ۱۲۰ میلیگرام لەکافاینی تێدایە.


ئا:ئەندازیاری کشتوکاڵی-ساکار عزیز

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن