هۆكار و نیشانه‌كانی سەوەفانی جومگە و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

15/02/2020     ژمارەی بینراو 967

سەوەفان

ڕاچڵه‌كین-

لە تووشبووانی سەوەفاندا، بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکە، ئەو كڕكڕاگەیەی ڕووی ئێسكە بەرامبەرەكان لە جومگەكاندا دادەپۆشێت دادەخورێت و تەنك دەبێت و زبر دەبێت. ئێسكی زیادە لە دەوروبەری جومگەكەدا درووست دەبن و كێشەی زیاتر دەنێنەوە، بەستەر و ژێ‌یەکان دادەخورێن، ماسولكەكان (زۆرجار بەهۆی كەم جووڵانەوە) لاواز دەبن و سەرەنجام ئێسكەكان فشاری زیاتریان دەچێتە سەر، دكتۆر سه‌روه‌ر سالار پزیشكی پسپۆڕی جومگه‌ و ڕۆماتیزم و فه‌قه‌رات ورده‌كاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

هۆی سەوەفان بە ووردی نەزانراوە، بەڵام ئەمانە ئەگەرەكە زیاد دەكەن:
1-بۆماوە
2-قەڵەوی
3-زەبر و شکانی پێشووتر لە جومگەکەدا
4-زیاد لەپێویست ماندوكردنی درێژخایەنی جومگە و كەنەفتكردنی
5-هەندێ‌ نەخۆشیی وەك:

-ئەو نەخۆشییانەی دەبنەهۆی خوێنبەربوونی ناو جومگە، وەك هیمۆفێلیا
-هەوكردنی جومگەكان وەك لە دەردەشا (دائولملوك) و ڕۆماتیزمی جومگە


سەوەفان لە چلەکانی تەمەنەوە دەستپێدەكات و لە تەمەنی 70 ساڵیدا كەم كەس هەیە تووشی سەوەفان نەبێت.

نیشانەكانی:
زۆربەی تووشبووان هەست بە یەکێک یان زیاتر لە نیشانەكان دەكەن كە بریتین لە:
1-ئازاری جومگە: ئازارەكە بە وەرزش و جووڵان زیاد دەكات و بە پشوو كەمتر دەبێت
2-ئاوسانی جومگە
3-سنوورداریی جووڵەی جوگە
4-تێکچوونی شێوەی جومگە

چارەسەر:
ئامانجەكانی چارەسەر بریتین لە:
1-بەهێزكردنی جومگەكە لە رێگەی بەهێزکردنەوەی ئەو ماسولکانەی جووڵەکانی ئاراستە دەکەن
2-هێشتنەوە و باشتركردنی جووڵەی جومگەكە
3-نەهێشتنی ئازار

دەرمان:
بۆ چارەسەری ئازارەكە پزیشك بە ده‌رمانی پاراسیتۆڵ دەست پێدەكات چونكە زیانی كەمە، ئەگەر بەمە باش نەبووی یان ئاوساویی جومگەكەت هەبوو ناچار دەبێت چارەسەرییەكانی تری وەك دژەهەوكردنە ناستیرۆیییەكانی نمونەی پرۆفینت بداتێ‌ بەڵام ئەمانە زیانیان زیاترە وەك زیادكردنی ئەگەری تووشكردنت بە برینی گەدە، جەڵتەی دڵ و دەماخ.
هەندێكجاریش ماددەی ستیرۆیدی بە دەرزی دەكاتە ناو جومگەكە.

هەندێ‌ك ماددەی درێژخایەنی تریش لەلایەن هەندێك پزیشكەوە دەدرێن گوایە لینجی جومگەکە درووستدەکەنەوە، بەڵام لێكۆڵینەوە زانستییەكان نەیانسەڵماندووە بەسوود بن وەك گلوكۆزەماین و ئەوانیتر.

لە کۆتاییدا پزیشک بۆی هەیە جۆری دەرمانەکەت بۆ دیاری بکات، بە سەرنجدان لە دۆخی تەندروستی گشتی جەستە و ڕاددەی سەوەفانەکە و نابێت خۆبەخۆ بەکاریبهێنیت.

گۆڕینی ستایلی ژیان:

وەرزش باشترین یارمەتیدەرە بۆ تەندرووستی جومگە و بەهێزكردنی و لەناویاندا پیادەڕەوی و مەلەوانی پێشڕەون.
جگە لە وەرزش، ئەمانەش بەسودن:

1-دانانی كەرەستەی گەرم لەسەر جومگەكە یاریدەی كەمبوونەوەی ئازار دەدات
2-پشووی پێویست
4-دابەزاندنی كێش ئەگەر قەڵەوی

چارەسەری سروشتی:
بەشێکی چارەسەری فیزیاییە و بە ئامێری تایبەت دەکرێن، بەشێکی دیکەش ئەو وەرزشانەیە كە بۆ بەهێزكردنی جومگە تووشبووەكە فێر دەكرێیت و یاریدەی ئاسان جووڵانی جومگەكەش دەدات.

نەشتەرگەری:
گۆڕینی جومگەکە و تەکنیکەکانی دیکە لە حاڵەتە هەرە قورسەكاندا دەكرێن کە تێیاندا سوودی پێویست لە دەرمان و وەرزش و رێگاچارەکانی دیکە نابینرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن