كاتیك ساردبوونەوەی لاشەكان ئاسایی دەبێتەوە ..!

کەلتوور

13/06/2020     ژمارەی بینراو 5479

راچڵەكین-

هەواڵی خۆكوژیی كچ و كوڕێكی گەنج لەیەك رۆژدا بەبێدەنگیی و بێ هیچ كاردانەوەیەك تێپەڕی، رووداوی كۆتایی ژیانی زەهرە لە هەولێر و ئەژی لە سلێمانی نەبوویە رۆژەڤی هیچ دامودەزگا و رێكخراوێك و راگەیاندنەكانیش وەكو رووداوێكی ئاسایی بە فەرامۆشییان سپارد، زەهرە خانمی هونەردۆست و كاكە ئەژی برینساز تەنها دوو حاڵەتی شاز نیین لە بێ ئومێدی گەنجان و داخرانی هەموو دەرگاكانی ئومێد و تێكشكاندنی وزە و ئیرادەی تاكەكان لەكۆمەڵگا،بەڵكو وێنەی ژیان و زیندەگی هەزاران گەنج و منداڵی دڵشكاوی ئەو هەرێمە بەیاندەكا، بۆیە نابێت ئاوا بەساردیی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت. 

راستە كرداری خۆكوژیی لە هەموو گۆشە و كەنارێكی ئەم دنیایەدا هەیە، بەڵام هەرگیز لە هیچ قوژبنێكی سەر ئەم زەوییە ئەگەر زەڕەیەك ژیانی ئینسانەكان بەهای هەبێت، بەم شێوەیە مامەڵەی لەتەكدا ناكرێت و بەبێ سەرەتاتریین بەدواداچوون و كەمترین گرینگی هیچ دامودەزگا و لایەنی پەیوەندیدار و بچوكترین كاردانەوەی كۆمەڵگا، تێپەڕنابێت.

 بۆ ساتێكیش بێت، كە ئەو دێڕانە دەخوێنیتەوە بیهێننە بەرچاوتان. ئەوە چ وەزعیەتێكە گەنجانێك ناچار دەكات بەدەستی خۆیان كۆتایی بەژیان و خەون و خولیاكانیان بهێنن؟! ئەگەر كێشە و گرفت تینی بۆ نەهێنابن،ئەگەر هەموو دەرگاكانی ئومێدیان لەسەر دانەخرابێت، ئەگەر حەز و خۆزگە و هیواكانیان بە سەراب نەسپێردرابێت؟.

ئەوە چ وەزعیەتێكە مرۆڤ ئەو هەستەی لا دروست بێت، ژیانی قورسایەكە و دەبێت كۆتایی بێت ؟! 

 بڕوای تەواومان بەوە هەیە دەستبردن بۆ خۆكوژیی بڕیارێكی تاسەر ئێسقان ناعەقڵانیە، كورتكردنەوەی ساتەكانی تەمەن، قورسترین و لاوازترین بڕیارێكە ئینسان دەرهەق بەژیانی خۆی دەیدات، ئەگەر ئیرادەی هەبێت و هێز و توانا شاراوەكانی ناخی بدۆزێتەوە بێگومان دەیان كێشەی گەورەتر،ژیانی دژوارتر تێدەپەڕێنێت.

بەڵام، كۆمەڵگای كوردستان داڕووخاوە لەهەموو ئیرادە و بەرەنگارییەك،زۆر بێ ڕەحمانە بە پلان و پارە و پەروەردە و ئاگر و ئاسن ٢٩ ساڵە كاریان لەسەر ورد و خاشكردنی هەست و نەست و دڵ و دەروونی تاكەكان كردووە، بەگوێگرتن لە چوار مناڵ و پیر و گەنج، بۆت رۆشن دەبێت چ وێرانییەك لە هێز و بیركردنەوەیاندایە، بە چاوخشاندنێك بە ئەو ئامارانەی پۆلیس، دادگا و نەخۆشخانە، كە بە ڕاستییش بڵاوی ناكەنەوە و بەشێكی دەشارنەوە، ئاسان تێدەگەیت ئەو هەموو كێشە و گرفت و لێكترازان و شكاندنە لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە.

كاتێك گەڕەكی فیرعەونەكان و دۆلاراوە هەبێ بۆ دەستەبژێرێك و قوتابخانە و زانكۆ و نەخۆشخانەی تایبەتیان بۆ دابینكرابێت و خۆیان و نەوەكانیان لەناو دوایین ڤێرژنی قەسر و قەمەردا بیگوزەرێنن و خاوەنی كارگە و كۆمپانیا بن، گەنجانێكیش دوای دەیان دەردەسەریی زانكۆ تەواو دەكەن و كرێكاریشیان دەست ناكەوێ و باشترین بژاردەیان دەریای ئیجە بێت،كچان و كوڕانی گەنج لە هەڵبژاردنی تایبەتیترین شتەكانی خۆیان ئازاد و سەربەست نەبن،ئایندە و كەرامەت و شەخسیاتیان لەژێر هەڕەشەدا بێت و دامودەزگایەكیش نەبێت بۆ پارێزگاریی،گەنج و رۆژنامەنوسەكان لەسەر وتنی وشەی 'ماف و ئازادیی' گوللە بنرێت بەدەم و سنگیانەوە، خۆپیشاندەران لەبەرچاوی كامێراوە و ئیهانە و سوكایەتیان پێبكرێت و لەباشترین حاڵەتدا زیندانەكانیان پێ ئاوەدان بكرێتەوە تەنها لەبەرئەوەی داوای كرێ و مووچەیان كردووە و نایانەوێت لەبرسان بمرن، ئەوا بێگومان كارەساتی تراژیدیایی و دیاردەی خۆكوژیی و ساردبوونەوەی لاشەی ئینسانەكان، ئاسایی دەبێتەوە و بەبێدەنگیش تێپەڕدەبێت، وەكو ئەوەی ئێستا دەیبینین.

بەشدار عوسمان
12\6\2020

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن