"خێرا ئاساییەكانی رێنماییەكان وایكرد كە دۆخەكە ئاڵۆز و سەختتر بێت"

چاوپێکەوتن

18/06/2020     ژمارەی بینراو 278

راچڵەكین-

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە، دەڵێت،تا ئێستا ٤٨ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆمار كراوە و لەئێستادا، ٢١ حاڵەت لەژێر چاودێری پزیشكیدان و دۆخی تەندروستیی ژمارەیەكیان ناجێگیرە.

لە پارێزگای هەڵەبجە لە ئەنجامی گرتنەبەری رێكاری توندی تەندروستیی بەتایبەت لەسەر سنوورەكان، هاوكات پابەندبوونی زۆرێك لە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە بە رێنماییەكان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كەمە.

ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، سەبارەت دۆخی ئێستای پارێزگاكە لەبارەی تووشبووانی كۆرۆنا ئاماژەی بەوەدا:" هەڵكشانی دووەم لە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا پارێزگای هەڵەبجەشی گرتووەتەوە، بەڵام ئەمجارە دۆخەكە سەختترە، حاڵەتەكە پێچەوانە بۆتەوە، پێشتر لە هەڵكشانی یەكەمدا خۆمان دەچووین رووپێویمان دەكرد و لە گەڕەك و ماڵەكاندا كەسانی تووشبوومان دەدۆزیەوە، بەڵام ئێستا خۆیان هاووڵاتییان بە نەخۆشی و بەهۆی ئازاری جەستەیانەوە دێنە نەخۆشخانەی 'وەفا' و لەوێ دوای پشكنین كە بۆمان دەردەكەوێت تووشووی كۆرۆنا بوون دەیانخەوێنین لەو نەخۆشخانەیە كە توانای لەخۆگرتنی ٦٠ نەخۆشی هەیە، واتە ئێستا سەرنج دەدەینە ئەو نەخۆشانەی كە نیشانەیان هەیە كە لە میانی ١٠ رۆژدا، ٢٢ حاڵەت داخڵ كراون لە نەخۆشخانەكەدا".

بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە، ئازاد مستەفا سەبارەت بە ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا لە پارێزگاكە بە نزیكەیی ئاماژە بەوەدەكات كە بەپێی ئەو داتا جیهانیانەی لەبەردەستدایە لە كۆی هەر ١٠٠ كەسێك، تەنها ٢٠یان نیشانەكەیان تیادا دەردەكەوێت، لەوانە لەسەدا ١٠ واتە ١٠ كەسیان بەقورسی دەیگرن و رێژەی مردن لەسەدا دوو دەبێت و وتی: "بەو پێیە چاوەڕوان دەكەین كە ئێستا زیاتر لە ١٠٠ كەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە لەنێو خەڵكدا هەبن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە نیشانەیان نییە، ئێمەش تەنها ئەوانە لەئەستۆ دەگرین كە نیشانەیان هەیە ئەو ژمارەیە تا ئێستا دیار نییە، چونكە ئێستا ڤایرۆسەكە لەنێو خەڵكدایە، بەڵام ژمارەكەی نەزانراوە تەنها بە خەمڵاندن دەتوانین ئەو ژمارەیە دیاری بكەین".

ئازاد مستەفا، سەبارەت بە هۆكاری هەڵكشانی دووەمی ژمارەی تووشبووان دوای ئەوەی كە ماوەیەك نەخۆشیەكە لەنێو نەخۆشخانەكانی پارێزگاكانی هەرێمدا نەمان پێی وایە كە دوای نەمانی تۆماركردنی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەڵكشانی یەكەمدا، زۆر بەخێرایی دۆخەكە هێوركرایەوە و رێكارەكان ئاسایی كرانەوە و رێنماییەكان سووكتر كران و ئەمەشی بە هۆكاری سەرەكی سەرلەنوێ هەڵكشانەوەی ژمارەكان زانی و لەوبارەیەوە وتی: "لە كاتێكدا ئەگەر هەبوو كە ڤایرۆسەكە لەناو خەڵكدا بێت، بەڵام زۆر بەخێرایی رەوشەكە ئاسایی كرایەوە و رێنماییەكان شلكرانەوە، هاوكات پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییەكانەوە، سەرلەنوێ تێكەڵبوونی هاووڵاتییان بەیەكتر وای كرد كە هەڵكشانی دووەم دۆخەكە سەختر بێت و ژمارەیەكی زیاتریش تووشی بن، ئێستا ئەگەر بگەڕێیت بەدوای تووشبوان یان هەڵگرانی ڤایرۆسەكەدا لە هەڵەبجە ئەوا بەسەدان كەس تۆمار دەكرێت، پێشتر بەهۆی كەرەنتینەوە ڤایرۆسەكە لە ماڵان و لەنێو خێزانەكاندا قەتیس كرابوو، ترسی ئێستا لەوەیە كە خەڵكانێك بە نیشانەوە تەنها دێنە نێو نەخۆشخانەكان".

بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەكات، لەئێستادا، نەخۆشخانەیەكی ٦٥ قەرەوێڵەیی هەیە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، لەوێ پشكنین دەكرێت و چاودێری نەخۆشەكانیش دەكرێت لەوانە ١٠ ئامێری هەناسەدانی لێیە كە تایبەتە بە تووشبووە سەختەكانی كۆرۆنا و وتی: "١٠ قەرەوێڵەی چاودێریكردنی چڕ بۆ تووشبووانی كۆرۆنا لە هەڵەبجە كەمە، بەڵام ئەوەیش بە هەوڵ و هیممەتی خێرخوازان و بەو بوودجەیەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەرخانی كرد و لەگەڵ چەند لایەنەكی تردا توانرا ئەو نەخۆشخانەیە دروست بكرێت، ئەمە لە پاردا نەبوو، بۆیە هەرچۆنێك بێت لەئێستادا، كار لەسەر ئەوە دەكەین ئەگەر بێت و ژمارەكە زیاتر بەرەو هەڵكشان بچێت، تەنها ئەوانە وەردەگرین كە بەقورسی تووشی پەتاكە بوون. ئەوانەی تر لە ماڵەكانیاندا دەهێڵینەوە، هەوڵ دەدەین لە ماڵەكانیاندا رێنماییان پێ بدەین كە بە سووكی تووشی بوون، تاكو فشارێكی زۆرمان نەكەوێتە سەر".

ئازاد مستەفا سەبارەت بە دەوامی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیی لە نەخۆشخانەكانی هەڵەبجەدا، دوای ئەوەی كە بایكۆتی دەوام راگەیەندرا لە زۆرێك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی و هەڵەبجەدا رایگەیاند، هەوڵیان داوە كاری نەخۆشخانەكان نەوەستێت، بەتایبەت نەخۆشخانەی كۆرۆنا و لەوبارەیەوە وتی: "فشارێكی زۆر لەسەر كارمەندانی تەندروستیی و دكتۆرە بەڕێزەكان هەیە، مووچەی كارمەندانی تەندروستیی و دكتۆرەكان نەدراوە، بەهۆی كەمی بوودجەوە نەتوانراوە كەلوپەلی تەواوی خۆپارێزیی بۆ پزیشك و كارمەندان تەرخان بكرێت و هەندێك پزیشك تووشی پەتاكەبوون، سەرەڕای ئەم هەموو فشارانە، بەڵام كارمەندان و پزیشكەكان بەردەوامن لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی هەرێم، ئێستا ١٥-٢٠ گەنج كە كارمەندی تەندروستیین تووشی ڤایرۆسەكە بوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مووچەیان پێ نەدراوە، بەڵام كاری تەندروستیی پەكی نەكەوتووە بەهەوڵی ئەو كارمەندانە كە ئەمەیش مایەی دەستخۆشی و جێگەی رێزە، پێشمەرگە ئاسا كار دەكرێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە رەوشێكی تەندروستیی خراپ، پێشمەرگە وڵات دەپارێزن بە خوێنیان، كارمەندانی تەندروستیی و پزیشكانیش سەرەڕای هەموو ئەو بارگرانیانە، بەردەوامن لە پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان بەتایبەت لە بەشی كۆرۆنا".

بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەكات، بایكۆتی دەوامی كارمەندانی تەندروستیی لە هەڵەبجە زۆر كەمە و نەخۆشخانەكان كارەكانی خۆیان دەكەن بێ سڵەمینەوە و وتی: "بەحوكمی ئەوەی ئێمە لێرە كارمەندانی تەندروستیی و پزیشكان خزمی یەكترین و كەسوكاری خۆمان دێت پێویستی پێمانە، هاوكات چەندین كارمەند و پزیشكی لەخۆبوردوو لە شوێنەكانی ترەوە هاتوون و هەڵەبجەییەكان بە كەسوكاری خۆیان دەزانن، بەردەوامن لە كاركردن، بگرە هەندێك لە پزیشكان هەن كە راژەكانیان گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانەی كۆرۆنا، تاكو بتوانن زیاتر خزمەت بكەن لەو بوارەدا كە ئێستا خەڵكەكە پێویستی پێیانە". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن