ئاە وەستا عەلی ئاە

کەلتوور

17/02/2020     ژمارەی بینراو 4397

سادە و غەمگینەکەی نیشتیمان ... ئاە ... وەستا عەلی، ئەی هاوڕێم، بڕۆرەوە ژوورێ و لەگەڵ فرمێسکەکانتدا دەرگا لەسەر خۆت دابخە و جارێ مەیەرە دەرێ... ئاخ وەستا عەلی.

بڕۆرە ژوورێ و تا زیاتر یاریان بە ژیان و ئینسانییەتت نەکردوە، مەیەرە دەرێ ... بڕۆرە ژوورێ و وایەری تەلەفونەکەت دەربهێنە و دەرگا لە کەس مەکەرەوە... وەستا عەلی... شتەکان لە تۆ گەورەترن... با لەوە زیاتر نەتکوژن... جارێک و دووجار و سێ جار کوشتن بەسە وەستا... ئەگەر بکوژی کوڕەکەت چەند کەسێک بێت، بکوژانی تۆ سەدان و هەزارانن... وەستا عەلی... بڕۆرە ژوورێ برام و بگری... چونکە هەموو ناشیرینی دونیا ئێستا لەسەر ناوی تۆ و ڕۆحی تۆ ئیشدەکات... دەرگا لە هیچ سیاسییەک و شۆڕشگێڕێکی درۆزن مەکەرەوە... گەر نەمزانیبایە برسی دەبیت، پێمدەگووتیت بڕۆ ژوورێ و خوداحافیزی لە کاشییەکانیشت بکە و ئیتر هەر دەرگا مەکەرەوە ...

وەستا عەلی... بڕۆ هاوڕێم و قسە لەگەڵ کەسدا مەکە. لە پیاوێکی دڵشکاو و بریندارەوە کردیانی بە ڕیکلام... گوێ لەو سیاسییانە مەگرە کە دێنە بەردەرگات و داوای لێبوردن دەکەن... هەموو درۆزنن وەستا. گوێ لەو شۆڕشگێڕانە مەگرە کە دەیانەوێت دونیا بگۆڕن و کەچی ناتوانن لە سادەیی و برینداری و سەرلێشێوانی تۆ تێبگەن، بڕۆ ژوورێ برام و دەرگاکەت بە ڕووی هەمووماندا داخە... چاوەڕێی چیمان لێدەکەیت وەستا... چاوەڕێی جوانیمان لێ دەکەیت؟... کوڕەکەتمان کوشت و خۆشتمان کرد بە خۆفرۆش وەستا گیان ... ئیترچاوەڕێی چیمان لێدەکەیت ... بۆ دەرگاکەت بە دەموچاوی هەمووماندا داناخەیت و بڵێیت «ئیتر بەسە».

تۆ پیاوێکی سادەی وەستا... ئەوەندە سادەیت دەتوانیت لە هەموو بکوژێک ببوریت... یارییەکە لە سادەیی تۆ گەورەترە، یارییەکە لە دڵپاکی تۆ پیسترە، یارییەکە لە جوانی تۆ ناشیرینترە، وەستا. تۆ ئەی کارێکارە سادە و پاکەکەی نیشتیمانە بریندارەکەم... تۆ فێرنەبوویت کەس لە ماڵی خۆت دەربکەیت... تۆ فێرنەبوویت بێڕێزی بەرامبەر بکوژی کوڕەکەشت بکەیت وەستا... یان بڕۆ ژوورێ و دەرگاکە لە خۆت داخە و ئیتر مەیەرە دەرێ، یان تۆش سادەوساکاری و لێبوردەیی خۆت دانێ و فێری نیفاق و درۆبە... هەموو دەیانەوێت لەسەر لەوحی ڕۆحی تۆ زاری خۆیان هەڵدەن... ئەو سیاسیانەی هەموو مێژوویان ناشیرینییە، دەیانەوێت لەسەر حیسابی لێبوردەیی تۆ خۆیان پاکبکەنەوە... ئەوانەی لەسەر حیسابی ناشیرنکردنی هەموو کەسێکی دی دەیانەوێت وەک شۆڕشگێر دەربکەون، پێتدەڵێن خۆفرۆشی وەستا... تۆ تەنیا پیاوێکی سادەی لێبوردەی... ناتوانیت برینی خۆت بکەیت بە ڕق... بەڵام ئیتر بەسە وەستا.

ھەر یەک دەیەوێت پارچەیەکت لێ بەرێت، هەریەک دەیەوێت ژانی تۆ بکات بە ئاڵایەک بۆ خۆی، هەریەک دەیەوێت لە ئینسانییەتی تۆ شتێک لە دەستکەوتی دەستبکەوێت، هەر یەک دەیەوێت برینی تۆ بکات بە دەمامکێ بۆ سەرێ خۆی... ئەو تەلەفزیۆن و کامێرا بەشان و مایکرۆفۆن بەدەستە موزەیەفانە لە بەردەرگای خۆت دەرکە، هاتوون ڕیکلام بە ژانی تۆوە بکەن، ئەو سیاسیانە دەرکە، ئێستا بۆیە بچوکن لە بەردەمتدا، چونکە لە عەرشەکانیان دەترسن وەستا. کوڕی تۆ تەنیا کوڕی تۆیە، ئەوەی لەم دونیا گەورەیەدا بۆ تۆ ماوەتەوە، ئەوەیە باوکی کوڕێکی قەشەنگ و شەهیدی، مەهێڵە کەس لێتی بدزێت... نە سەرۆک و نە جەماوەر و نە شۆڕش... زامی گەورە تەنیا زامی تۆیە وەستا. هەموومان دەربکە وەستا... هەموومان... منیش دەربکە... کە تەنها هاتووم پێتبڵێم... لە زۆرمان گەورەتری وەستا.

"بەختیار عەلی"
٢٣/٢/٢٠١١

- وه‌ستا عه‌لی باوكی یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كانی 17ی شوباتی ساڵی 2011-یه‌ به‌ناوی رێژوان كه‌ له‌به‌رده‌م لقی 4ی پارتی-دا له‌ سلێمانی بووبه‌قوربانی، ئه‌مڕۆ 9 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت..



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن