هەفتەی داهاتوو قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی رادەگەیەنرێت؟

کوردستان

29/06/2020     ژمارەی بینراو 6847

راچڵەكین-کۆچەر عەزیز

ئەندامێكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: تاكو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی نییە، هەر هەنگاوی لەو شێوەیەش هەبێت، لەكۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنی سلێمانی بریاری لێدەدرێت.

ئازاد حەمەئەمین، ئەمرۆ دووشەممە ٢٩-٦-٢٠٢٠، لە لێدوانێكدا بە ڕاچڵەكین-ی راگەیاند:" پێش رۆژی ٤ی تەموز، كە رۆژی كۆتایی هاتنی پشووی فەرمانگەكانە، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەی تایبەتی خۆی ئەنجامدەدات، گوێ لە راو سەرنج و پێشنیارەكانی بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەگرین، چونكە ئەوان لە رابردووشدا داوای راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتییان كردووە بۆ پێنج رۆژ تاكو هەفتەیەك، بۆ ئەوەی بتوانن تا ڕادەیەكی باش كۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بكەن، بۆیە من پێم وایە لە كۆبوونەوەی داهاتووش رەنگە هەمان داواكارییان هەبێت، ئەوكاتە بە زۆرینەی دەنگی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆن پەسەند دەكرێت".

وتیشی:" تاكو ئێستا ئەوەی رێگەی نەداوە ئەو پێشنیارە جێبەجێبكرێت، بەرژەوەندی ئابووری هاووڵاتییانی ناوبازاڕ و كاسبكاراn بووە، ئەگەر نا دەبوو زووتر جێبەجێ بكرێت، ئێستاش كە ژمارەی تووشبووان و مردووان بە ڤایرۆسەكە روو لە هەڵكشانە، رەنگە لە كۆبوونەوەی داهاتووشدا هەمان داواكاری هەبێت لە لایەن تەندروستییەوە، بۆیە ئەگەر بزانرێت حاڵەتەكە مەترسیدارە بە دڵنیاییەوە رەنگە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێ بكرێت". 

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند:" دۆخی سلێمانی خراپە و پێویستمان بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی هەیە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تاكو هەفتەیەك بۆ خاوكردنەوەی ڤایرۆسەكە".

تاكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان ٥٦٧٢ كەس تووشی كۆرۆنا بوون كە ٣٨١١ لە نەخۆشخانەكاندا چارەسەر وەردەگرن، ١٨٦ كەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن