بەشیر حەداد: حكومەتی نوێی عێراق بەبێ رەزامەندی كورد پێكناهێنرێت

عێراق

17/02/2020     ژمارەی بینراو 369

د. بەشیر حەداد

راچڵەكین

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدووری دەزانێت كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەبێ رەزامەندی كورد پێكبهێنرێت و راشیدەگەیەنێت: پێویستە عەللاوی ئەو راستییە بزانێت كە مامەڵەكردن لەگەڵ كورد جیاوازە وەك لەمامەڵە لەگەڵ شیعەو سوننە.

د. بەشیر حەداد لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا، ئاشكرایكرد تائێستا سەرۆكی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، سیڤی كاندیدانی كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان نەكردووە بەمەبەستی متمانەپێبەخشینیان.

وتیشی: نامانەوێ ئەنجومەنی نوێنەران گوشار بخاتە سەر محەمەد عەللاوی، بەڵام ئەویش بەوپێیەی بە پشتگیری چەند لایەنێك كاندیدكراوە، ناتوانێت كابینەی حكومەت لە كەسانی سەربەخۆ پێكبهێنێت، چونكە ئەگەر كوردو سوننەو بەشێك لە لایەنە شیعەكان دەنگی پێنەدەن، متمانە بەدەستناهێنێت.

بەشیر حەداد ئاشكراشیكرد، لەكۆتایی ئەم هەفتەیە سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم كۆدەبنەوە، وتی: سەرۆكایەتی هەرێم نوێنەرایەتی حزبەكانی هەرێم دەكات لە گفتوگۆكردن لەگەڵ محەمەد عەلاوی بۆ دیاریكردنی چۆنیەتی بەشداریكردنی كورد لە حكومەتی نوێ.

سەبارەت بە هەڵوێستی گروپی 15ش كە لە نوێنەرانی چەند حزبێكی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەران پێكهاتووەو جیاوازییان لەگەڵ یەكێتی و پارتی، بەشیر حەداد جەختی لەوەكردەوە كە لەو بڕوایەدانییە ئەندامانی ئەو گروپە كارێك بكن كە یەكڕیزیی كورد لە بەغدا تێكبدات.
  
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران راشیگەیاند: دەبێ محەمەد عەللاوی ئەو راستییە بزانێت كە پێكهاتەی كورد زۆر جیاوازە لە پێكهاتەكانی شیعەو سوننەو ناكرێ وەك یەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، كێشەی ئێمە تەنها ژمارەی وەزارەت و كاندیدەكان نییە، بەڵكو كێشەی دیكەمان هەیە، وەك مادەی 140 و پرسی نەوت و موچەو پێشمەرگە، كە دەبێ ئەو پرسانە لەنێوان هەرێم و بەغدا یەكلایی بكرێنەوەو چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.

وتیشی: بڕواناكەم عەلاوی حكومەتەكەی بەبێ رەزامەندی و راوێژ لەگەڵ پێكهاتەی كورد پێكبهێنێت، چونكە دەزانێت كە سەرناگرێ و كابینەكەشی متمانەی پێنادرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن