"هەناردەی نەوتی هەرێم لەمانگی حوزەیراندا كەمیكردووە"

ئابوری

04/07/2020     ژمارەی بینراو 208

راچڵەكین-

داتاكانی S&P Global Platts كە ناوەندێكی راوێژكاریی پەیوەست بە كاروباری وزەیە دەریدەخەن، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ 267 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزیوە، كە بەراورد بە مانگی ئایار زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل كەمیكردووە.
 
حكومەتی عێراق داوایكردووە لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس، هەرێمی كوردستان رۆژانە زیاتر لە 370 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە نەكات. ئەو ناوەندە ئاماژە بەوە دەكات، لە مانگی ئایار هەرێمی كوردستان رۆژانە 368 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە، بەڵام لە مانگی حوزەیران بە رێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە. 
 
جگە لە دابەزینی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەناردەی نەوتی عێراق لە باشووری ئەو وڵاتە لە بەسرە دابەزیوە. هەر لە مانگی حوزەیران هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە لە 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بۆ 2.8 ملیۆن بەرمیل كەمیكردووە. 
 
لە مانگی حوزەیران هەناردەكردنی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان 497 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمیكردووە. هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، لەم مانگەدا هەناردەكردنی نەوتی سووك و قورسی بەسرە لە 3.1 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 1.53 بەرمیل نەوت دابەزێنێت.
 
ئەمڕۆ شەممە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بە 42 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت و نرخی بەرمیلێك نەوتی سووكی رۆژئاوای تەكساسیش بە 40 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت. 

 

س/ رووداو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن