هەولێر.. چەند بڕیارێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیاران دەدرێت

کشتوکاڵ

07/07/2020     ژمارەی بینراو 944

راچڵەكین - رێژنه‌ فائق

پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێك لەبەرژەوەندی جوتیاران دەدات و بەگوێرەی راگەیاندراوێكیش،  لەنزیكترین كاتدا كارگەی قوتوبەندی هەریر بەكاردەخرێتەوەو بۆ پشتگیریكردنیش لە فرۆشتنی بەرهەمی جوتیاران لە سنووری پارێزگاكە، كارئاسانی بۆ هاتنی بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت.

نوسینگەی پارێزگاری ھەولێر لە راگەیاندراوێكدا كە ئەمڕۆ 7-7-2020 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە دوا بە دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری بەشێك لەو جوتیارانەی كە كێشەی ساغبوونەوە و هەرزانی نرخی بەربوومی كشتوكاڵیان هەبوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەولێر، چەند بڕیارێكیان دەركرد.

دەقی بڕیارەكان:

یەكەم/ بۆ ساخكردنەوە و كڕینی بەرهەمی تەماتە لە جوتیاران، كارگەی قوتوبەندی هەریرلە نزكترین كات بەگەڕدەكەوێتەوە و دەست دەكرێت بە كڕینی تەماتە لەجوتیاران بۆ كارگەكە.

دووەم/ بەڕێز شێخ باز بۆ هاندانی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ بڕیاریدا ڕۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی (6) ڕۆژ بكڕێتەوە و وەك كاری خێرخوازی لە كەمپ و گەڕەكە هەژارنشینەكانی هەولێر دابەشی بكات، ئەم هەڵوێستەش شایستەی ڕێزلێنان و سوپاسە.

سێیەم/ بۆ پشتگیریكردن لە فرۆشتنی بەرهەمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر، بڕیاردرا كارئاسانی بۆ هاتنی سەرجەم بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكرێت بۆ هەولێر، بۆ ئەو مەبەستەش قایمقامی هەولێر ئەمڕۆ سەردانی عەلوەی هەولێری كرد و میكانیزمی گونجاو دانرا بۆ هاتنە ژوورەوەی كڕیارانی تەماتە و بەربوومی كشتوكاڵی.

چوارەم/ بڕیاردرا لەمەدوا لەبەرامبەر هەر سندوقێكی بەتاڵی تەماتە و میوە (250) دینار لەلایەن بەقاڵەكانەوە بۆ جوتیاران بگەڕێندرێتەوە، هەروەها بڕیاردرا بە دابەزاندنی نرخی سندوقی هەڵگرتنی سەوزە و میوە بەشێوەیەكی گونجاو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن