پەرلەمان لەدژی بڕیارێكی سەرۆكی حكومەت واژۆ كۆدەكاتەوە

عێراق

10/07/2020     ژمارەی بینراو 719

راچڵەكین

ئەنجومەنی نوێنەرانی كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری نوێكردنەوەی مۆڵەتی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن دەدات كە لەلایەن مستەفا كازمییەوە دراوە، پەرلەمانتارێكیش ئاشكرایدەكات، زیاتر لە 100 واژۆی پەرلەمانتاران بۆ ئەو مەبەستە كۆكراوەتەوە.

عەلا روبەیعی ئەندامی هاوپەیمانی سائیرون لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: زیاتر لە 100 واژۆی پەرلەمانتاران كۆكراوەتەوە بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكەی حكومەتی تایبەت بە نوێكردنەوەی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن.

وتیشی:"  جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، پەیوەندی بە حكومەتەوە كردووەو داوای لێكردوون كاركردن بە بڕیارەكە رابگرن".

ئەو پەرلەمانتارە هۆكاری رەتكردنەوەی بڕیارەكەی حكومەتی بۆ خراپیی خزمەتگوزارییەكانی ئەو كۆمپانیایانە گەڕاندەوە لەبواری پەیوەندیكردن، سەرباری كێشەكانی پەیوەست بە قەرزەكانیان و گرانیی نرخی پیوەندیكردن و ئەنتەرنێت.

لەچەند رۆژی رابردوودا، حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، بڕیاریدا مۆڵەتی كاركردنی هەرسێ كۆمپانیای ئاسیاسێڵ و كۆڕەك تیلیكۆم و زەین نوێبكاتەوە، بڕیارەكەش كاردانەوەی توندی بەشێك لە پەرلەمانتارانی لێكەوتەوەو بە بڕیارێكی هەڵەیان وەسفكرد. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن