شێخ محەمەد كەسنەزانی چۆن بووەتە خاوەنی 20 دۆنم زەوی لەباخی بەختیاری

کوردستان

11/07/2020     ژمارەی بینراو 7574

راچڵەكین-

تەكیە و ماڵی شێخ محەمەد كەسنەزانی بە نزیكەی ٢٠ دۆنم زەوی مەزەندە دەكرێت، دەكەوێتە دەروازەی بەكرەجۆ و بەرامبەر كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی.. ناوێكی دیار و بە جێگا و پەناگەی مورید و دەروێشانی تەریقەتی قادری ناسراوە.

دەنگۆی زۆر هەیە كە ئەو جێگا و زەوییە گران بەهایە لەلایەن جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دیاری پێشكەشی شێخان و تەریقەتی قادری كرابێت.

ئەو كەسە كێیە زەوییەكەی دەست نیشان كردووەو كڕێویەتی؟

تاهیر سیرەمێرگی، ئەو كەسەیە یەكەمجار خاوەنی ئەو زەویەی بۆ ماڵی شێخ دۆزیوەتەوە.. ئەو، خاوەنی نوسینگەی سیرە مێرگە بۆ كڕین و فرۆشتنی خانوبەرە، تاهیر دەڵێـت:" ئەوەی كە دەوترێت ئەو جێگایە لە لایەن مام جەلال تاڵەبانی بە دیاری بە شێخ محەمەد دراوە دوورە لە راستییەوەو وانیە."

وتیشی:" وەك نوسینگەی سیرەمێرگ و لەگەڵ كاك جەزای هاوڕێم ساڵی ٢٠٠٢ خاوەنی ئەو زەوییەمان دۆزییەوە كە كاك فەرەیدون ناوێك بوو خەڵكی گەڕەكی مەڵكەندی سلێمانی بوو و لە ئوردون دادەنیشت دوای مامەڵەكردنی لێمان كڕی و بویە موڵكی شێخ محەمەد كەسنەزانی."

سیرەمێرگی:" دەڵێت ئەوكاتە ئەو زەویە كە ١٠ دۆنم بوو بە بڕی ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناری سویسری كڕیمان و بە ناوی یەكێك لە كورەكانی كاك فەرەیدونەوە بووە كە لە بەریتانیا نیشتەجێ بوون هەروەها دواتر ١٠ دۆنمی دیكەیان هەر تەنیشت ئەو زەوییە لە ئافرەتێك كڕی و شوێنەكەیان پێ گەورەتر كرد."

تاهیر سیرەمێرگی وتی:" ئەوكاتە لەلایەن بەرپرسان و ئیدارەی شارەوە گلەییەكی زۆری لێكراوە بەوەی كە پێیان وتووە شوێنێكی گرنگی گەشتیارییت فرۆشتووە بۆ ئەوەی ببێتە تەكیەو شوێنی دەروێشان و دەیانوت ئەم جێگایە دڵی سلێمانییە و نەدەبوو بفرۆشرێت."

ئەو دەڵێت هەر بۆ ئیزعاجكردنی تەكیە و دەروێشەكان لە تەنیشتیانەوە نادییەكی مەی خواردنەوە دروستكرا بەڵام ئەوان هەر سور بوون لەسەر ئەوەی تەكیەكەیان فراوان و گەورەتر بكەن.

سیرمێرگی ووتی:" لەگەڵ زۆر نزیكبوونەوەم لە شێخ محەمەد بۆم دەركەوت بەڕێزیان كەسێكی وشیار و خوێندەوار و كۆمەڵایەتی و نان بدەو بەوەفا و بە هەڵوێستە."

تاهیر سیرەمێرگی كە یەكێكە لە پێشمەرگە دێرێنەكان و شۆرشی نوێ دەڵێت:" شێخ محەمەد زۆر جیاواز و پیاوێكی خانەدان بووە تەنانەت شێخ خۆی بۆی گێڕاوەتەوە كە عیزەت دووری چەند جارێك پێی وتووە تەنها جلە كوردییەكانت بگۆڕە خۆم بانگەوازت بۆ دەكەم بەڵام شێخ محەمەد رەتیكردۆتەوە."

هەر بە پێی گێڕانەوەكانی تاهیر سیرەمێرگی كە لە زمانی شێخ محەمەدەوە گوێبیستی بووە تەریقەتی قادری خاوەنی نزیكەی ١٥ ملیۆن مورید و شوێنكەوتەیە لە جیهانی ئیسلامیدا.

وتیشی لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو جێگایە بە هۆی بوونی مەرقەدی شێخ محەمەدەوە دەبێتە سەرچاوەیەكی داهاتی باش بۆ سلێمانی و دەوروبەری و هەروەك چۆن مەرقەدی ئیمامزادەكانی شیعە سەرچاوەی داهاتن بۆ شوێنەكانیان.

شێخ محمەد كەسنەزانی لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە ئەمریكا گیانی لەدەستدا و رۆژی هەینی بە فڕۆكەیەكی تایبەت گەڕێنرایەوە سلێمانی و لە مەراسیمێژی گەورەدا و بەبەشداری هەزاران لە مورید و شوێنكەوتووانی لە شوێنە جیاوازەكانی دونیاوە بەخاك سپێردرا و نەهرۆ محەمەد كەسنەزانی كوڕە گەورەكەی وەك جێگرەوەی دیاریكرا و بووە رابەری نوێی تەریقەتی قادری لە هەموو جیهاندا.

 

س/ پێگەی 7 رۆژ


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن