تەندروستی هەرێم چەند پێشنیارێك بۆ بەرەنگار بوونەوەی كۆرۆنا دەخاتەڕوو

کوردستان

13/07/2020     ژمارەی بینراو 316

راچڵەكین-

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئەمڕۆ دووشەممە كۆدەبێتەوە، وەزارەتی تەندروستیش 20 پێشنیازی ئامادەكردووە و لە كۆبوونەوەكەدا دەخرێنەڕوو.

 وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم كوردستان رایگەیاندووە، بە ڕاپۆرتێك و پڕۆژەیەكی ووردەكاری، هەڵسەنگاندن و ڕێكار و بڕیاری نوێ بۆ ستراتیجیەتی بەرەگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەخاتە بەردەم لێژنەی باڵای كۆڕۆنا لە ئەنجومەنی وەزیران.

كۆبوونەوەكەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی لیژنەكە و، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی، وەزیری ناوخۆ و ئەندامانی دیكەی لیژنەكە ئەنجامدەدرێت.

بەگوێرەی زانیاریەكان، بەشێك لەپێشنیارەكانی وەزارەتی تەندروستی بریتین لەوەی كە تووشبوانی كۆرۆنا لە ماڵەوە كەرەنتین بكرێن و كەرەنتین لەو شوێنانە نەمێنێت كە تەرخانكراون بۆ ئەو مەبەستە.

هەروەها پێشنیاز كراوە پشكنین بۆ ئەو كەسانەی بە ویستی خۆیان و بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەكی كۆرۆنایان تێدا دەركەوتبێت بكرێتە پارە، بەڵام بۆ ئەوانەی نیشانەیان هەیە یان تووشبوون بەبێ پارە بمێنێتەوە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، تائێستا 9 هەزارو 455 هاوڵاتی لەهەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 378 تووشبوو چارەسەركراون و 326 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن