نیشانه‌كانی پەشێوی دڵەڕاوکێ ی کۆمەڵایەتی

ستایل

16/07/2020     ژمارەی بینراو 1368

نیشانه‌كانی پەشێوی دڵەڕاوکێ ی کۆمەڵایەتی

ڕاچڵه‌كین-

شەرم کردن بە ڕادەیەکی کەم بەجۆرێک ئاستەنگی بۆ فرمان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست نەکات، بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ و بە هەستێکی ئاسایی دادەنرێت. هەروەها هەستێکی ئاساییە کە لە هەندێ کات و بارودۆخدا بۆ ماوەیەکی کەم هەستی شەرمکردن بەسەرماندا زاڵبێت وەک؛ قسەکردن لە بەردەم کامێرا، پێشکەشکردنی سیمینارێک یان کاروچالاکیەک بۆ کۆمەڵێک کەس، یان داوای هاوسەرگیری کردن لە کەسێک، یاخود تێکەڵبوون و گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی نەناسراودا، دكتۆر هێمن پزیشكی پسپۆڕی ده‌رونی له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌.

لەم بارودۆخانەدا، مرۆڤ دووچاری هەندێ نیشانەی دەرونی و جەستەیی دەبێت، کە دەگونجێت توندێتی لە کەم بۆ زۆر بگۆڕێت، یاخود کەسەکە لە ناخی خۆی هەستی پێبکات، یان لە ڕواڵەت و قسەکردنی لەلایەن بەرامبەرەوە هەستی پێبکرێت. بۆ نمونە وەک؛ خێرا لێدانی دڵ، هەستکردن بە هەناسەسواری، وشک بوونی دەم و قوڕگ، یان دەست لەرزین، و ئارەقکردنەوە و سورهەڵگەڕان، .....هتد. بەڵام ئەم نیشانانە هێواش هێواش بە تێپەڕبوونی کات و لەهەمان کاتی قسەکردن یان کاروچالاکیەکەدا بەرەو نەمان دەڕوات، و کەسەکە هێوردەبێتەوە.

لە چ کاتێک ترس و هەستی شەرم کردن بە نائاسایی دادەنرێت؟
هەرکاتێک ترسی کۆمەڵایەتیەکە لە ڕادەبەدەر زیاد بوو، و بەسەرکەسەکە زاڵ بێت، بە جۆرێک پەککەوتەیی بۆ کار و ئاستەنگی بۆ تێکەڵاوبوون و کاریگەری نەرێنی لەسەر مەزاج دابنێت، و هەروەها نیشانەی دەرونی و جەستەیی توند دروست بکات، بە پەشێوی دڵەڕاکێ ی دەرونیی ئەژمار دەکرێت و پێویستە چارەسەر بکرێت. لەو نیشانەو خاسیەتانەی ئەم پەشێویەی پێدا دەناسرێتەوە، وەک؛

1- ترسێکی لە ڕادەبەدەر لە پەیوەندی و قسەکردن لەگەڵ کەسانی نامۆ
2- ترس لەوەی کە بتشکێننەوە و یان توشی شەرمەزاری ببیت
3- ترس لەوەی کە لەلایەن بەرامبەرەکەتەوە هەڵسەنگاندنت لەسەر بکرێت
4- ترس لەوەی کە شڵەژانت پێوەدیاربێت
5- ترس لە ڕەتکردنەوەی داخوازیەک یان کارێک کە دڵنیایت لە توانای تۆدا نیە، یاخود پێویست ناکات تۆ بیکەیت و ئەرکی تۆ نیە، یاخود دەزانیت شەرمکردنەکەت وەک خاڵێکی لاواز بەکاردەهێنن بۆ مەبەستێکی خۆیان، و سەرەڕای ئەم ڕاستیانەش هێشتا ناتوانیت بڵێیت کە ناتوانم، یان کاری من نیە، یان پێویست ناکات من بیکەم، و دەترسیت هەستی بەرامبەر برینداربکەیت.
6- خۆ دورەپەرێز گرتن لە تێکەڵبوون و قسەکردن لەگەڵ خەڵکی بەتایبەت لەگەڵ کەسانی نەناسرا
7- خۆ دورەپەرێزگرتن لە هەرکار و چالاکیەک کە ببیتە سەرچاوەی سەرنجی خەڵکی
8- ئەگەر بەشداری لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی یاخود سەردانکردنێکدا بکەیت، دواتر بیری لێدەکەیتەوە ئاخۆ هیچ قسەیەک یان هەڵسوکەوتێکت کردوە کە هۆکاری شەرمەزاری و نەنگی بێت.
9- گەورەکردن و پێشبینی ناخۆش لە هەر رەخنەیەک کە بەرامبەرت بکرێت.
10- ترسێکی زۆر لە دروستبوونی نیشانە جەستەییەکانی وەک دڵەکوتێ و سورهەڵگەڕان.
11- کاتێک قسە لەگەڵ بەرامبەر دەکات ناتوانێت زۆر تەماشای چاوی بکات، و بە دەنگێکی نزم یان لەرزۆک قسەدەکات
12- کاتێک کە ئەچێتە هۆڵێک یان سینەمایەک یان بۆ نەیەک ئەگەر دوا کەوتبێت، زۆر لای ناڕەحەتە کە بچێتە ژورەوە لەبەرچاوی ئامادەبووان.
13- لە نیشانە جەستەییەکان، وەک؛ خێرالێدانی دڵ، سوربونەوە، ئارەقکردنەوە، دەستلەرزین، هەناسەسواری، ئازاری گەدە، سەرگێژخواردن، و هەندێجار دڵتێکەڵهاتن.
14- لە نیشانە دەرونیەکا، وەک؛ ترسێکی زۆر، دڵتەنگی، خۆبەکەم زانین، گۆشەگیربوون، ناڕێکی خەو، ....هتد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن