هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری خه‌مۆكی دوای منداڵبوون

تەندروستی

25/07/2020     ژمارەی بینراو 1585

هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری خه‌مۆكی دوای منداڵبوون


ڕاچڵه‌كین-

زۆرێک لە دایکان لە چەند ڕۆژی دوای منداڵبوون دووچاری دڵتەنگی، گریان، کەمخەوی و دڵەڕاوکێ دەبن. ئەم حاڵەتە بەنزیکەیی لە ٪ ٨٠ ی دایکان دەردەکەوێت لە دوای مندڵبوون، و حاڵەتەکە توندێتیەکەی کەمە و کاریگەری ئەوتۆی لەسەر ژیانی دایک و منداڵەکە نیە، و لە دوای هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە باش دەبن. بەڵام بە نزیکەیی ٪١٥ ی دایکان لە ماوەی چەند هەفتەیەک بۆ دوانزە مانگی دوای منداڵبوون، دووچاری خەمۆکی توند دەبن، بەجۆرێک کاریگەری توندی لەسەر دایکەکە و هەروەها تاڕادەیەکیش لەسەر منداڵەکە دروست دەکات، دكتۆر هێمن پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیە دەرونیەکان له‌م بابه‌ته‌دا نیشانه‌ و هۆكار و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

نیشانەکانی:
نیشانەکانی خەمۆکی دوای منداڵبوون دەگونجێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، و لە هەمان کەسدا لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر، گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئەگەر دایکەکە پێنج یان زیاتر لەم نیشانانەی هەبوو لەماوەی دوو هەفتە و زیاتر بە خەمۆکی دوای منداڵبوون ئەژماردەکرێت.

- هەستکردن بە دڵتەنگی، یان گریان، تەنانەت بێ زانینی هۆکار.
- هەستکردن بە شەکەتی و زوو ماندوبوون.
- ناڕێکی خەو بەتایبەت بێخەوی.
- ناڕێکی خواردن بە تایبەت کەم خواردن.
- گۆڕانی کێشی لەش بەتایبەت لاوازبوون.
-هەستکردن بە بێزاری، بێ ئۆقرەیی و توڕەبوون.
-کەمبوونەوەی سەرنجدان، و هەندێکات بیرچونەوە.
-کەمتوانایی لە ڕاپەڕاندنی کارەکان.
- گرنگی نەدانی پێویست بە منداڵەکە و کەمتر هەستکردنی بە خۆشی لەدایک بوونی منداڵەکە لەوەی کە پێشبینی دەکرا.
- هەستی ڕەشبینی و بێهیوایی.
- هەستی تاوان و خۆبەکەم زانین.
-بیری مردن و خۆکوژی.

هۆکارەکانی:
هۆکارەکان بە تەواوی ئاشکرا نین، بەڵام دەگونجێت چەند هۆکارێک پێکەوە خەمۆکیەکە دروستبکەن وەک گۆڕانی لەپڕی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن، هاوکات لەگەڵ بوونی هۆکاری دەرونی و خێزانی و ژینگەیی و بایۆلۆجی. 

لە دیارترین هۆکارە دەرونیەکان بوونی فشارێکی دەرونی توند، وەک لەدەستدانی کەسێکی نزیک و جیابونەوەی خێزانی، لە هۆکارە بایۆلۆجیەکانیش وەک کەمبونەوەی مادەی سیرۆتۆنین، یاخود تووشبوونی دایکەکە یان کۆرپەکە بە نەخۆشیەک، بۆ نمونە شەکرە لە دایک و ئیفلیجی مێشک لە منداڵ.

چارەسەر:
خەمۆکی دوای منداڵبوون دەبێت بە گرنگیەوە تەماشا بکرێت، و پشتگوێ نەخرێت، چونکە کاریگەری توندی لەسەر دایکەکە و هەندێجار لەسەر منداڵەکە دروست دەکات، و هەروەها بۆ بنەبڕبوون و نە‌هێشتنی ئەگەری دووبارە توشبونەوە لە دوای بوونی منداڵی تر. چارەسەریەکان، خۆی لە چارەسەری دەروونی ڕێنمایی و بە دەرمان دەبینێتەوە. ئەمەش پزیشکی پسپۆڕی دەرونی بڕیاری لێدەدات بە پێ ی توندێتی حاڵەتەکە و ژینگەی چارەخوازەکە، وبوون یان نەبوونی فشاری دەروونی تر.

چارەسەر بە دەرمان بە بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەخەمۆکی کە کاریگەرن، و جۆرێک بەکاردێت بە پێ ی توندێتی خەمۆکیەکە و گونجانی لەگەڵ شیرپێدان. هەروەها چارەسەری دەرونی لەڕێگەی چارەسەری هزری و ڕەفتاری کە هەفتانە ڕێنمایی دەرونی بە چارەخوازەکە دەدرێت و یارمەتی دەدرێت تا بەسەر تەنگژەکەدا زاڵدەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن