دەردی توندڕەوی

حەسەن یاسین


09/12/2021

 توندڕەوی، كە دەردێكی كوشندە و ترسناكە، وەك زاراوە، وا چۆتە زەینمان كە پێوەندیی بە توندڕەوانی گروپە ئیسلامییەكانەوە هەبێ، ئەمەش هەم پێوەندیی بەو ئیسلامییە توندڕەوەكانەوە هەیە، كە دوای راپەڕینی  بەهاری ١٩٩١ لەنێو كوردەواری پەیدابوون، هەم پێوەندیشی بە نەیارانی باڵی توندڕەوی نێو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیی كوردییەوە هەیە، كە بەردەوام، كاریان لەسەر هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵ لەوڕووەوە كردووە كە توندڕەویی نێو ئیسلامی سیاسیی كوردی هەم زیان بە كوردەواری وەك كۆمەڵ دەگەیەنێ، هەم لە دینی ئیسلامیشدا، ئەسڵ و بنەڕەت توندڕەوی نییە، بەڵكو ئەو دیندارییەیە كە تاكە دیندارەكانی كوردەواری، وەك ئەركێك بەرانبەر بە خودای خۆیان و خودای هەمووان، جێبەجێی دەكەن!

راستییەكەی توندڕەوی هەر پێوەندیی بە ئیسلامییەكانەوە نییە. ئەوەی پێوەندیی بەوانەوە هەیە، توندڕەویی دینی و سیاسییە. لەبیرمە، لە دوای راپەڕین، كە ئیسلامییەكان لەنێو شار و بەدیاریكراویش لەنێو گەڕەكەكاندا كەوتنە چالاكیی عەقیدەیی و راكێشانی لاوان و هەرزەكاران بەلای خۆیاندا، یەكێك لەو رەفتارانەی توندڕەوانەبوو و ئەوان هەرزەكارانیان لە كاتی فێری نوێژكردندا پێگۆشدەكرد ئەوەبوو كە بەهەرزەكارەكەیان دەگوت دەبێ لەكاتی نوێژدابەستندا هەردوو قاچت جووت نەكەی! دەبێ بڵاویان بكیتەوە، كە هەرزەكارەكەش لێیانیدەپرسی: ئەدی بۆ باوكم، كە دەیبینم لە ماڵ نوێژدەكات، هەردوو قاچی جووت دەكات. لە وەڵامدا پێیاندەگوت: ئەوەی باوكت هەڵەیە. ئەوەی تۆ راستە. ئیدی هەرزەكارەكە، كە بە سروشت هەموو هەرزەكارێك توندڕەوە، دەچووەوە ماڵ، لەگەڵ باوكی دەیكرد بە كێشە و دەیگوت: باوە، تۆ هەڵەیت، نابێ لە كاتی نوێكردندا قاچەكانت جووتبكەیت. نوێژەكانی، كە تا ئێستا كردووتن، بەتاڵن و بۆ ئەوەی، لەمەودوا، نوێژەكانت قبوڵ بن، دەبێ قاچەكانت بڵاوبكەیتەوە!

ئیدی توندڕەوانی ئیسلامی سیاسی، بەم رەفتارە و رەفتاریتریش كە لەوتارێكدا ناتوانم باسی هەموویان بكەم، كێشەیان دەخستە نێو خێزانی كوردەوە. هەم هەرزەكاریان هاندەدا دژی باوكی بوەستێتەوە. هەم توندڕەوانە، دەیانویست، خەڵك لەسەر ئەو شێوازی نوێژكردنە رابێنن كە فڵان ئیمامی سەلەفی، كە ئەوان لەسەر رایەكانی ئەو دەڕۆن، وایگوتووە و جیاوازە لەو ئیمامەی كە مەلاكانی كوردەواری لەسەر رایەكانی دەڕۆن و خەڵكیان لەسەری راهێناوە!

توندڕەوی جۆری زۆرەو لەم وتارە ناتوانین باسی هەمووی بكەین. ئەوەی لەسەرەوە باسمكرد، جۆرێكی توندڕەوییە، كە توندڕەویی دینییە و ئەو سیاسەتوانانە، لەنێو كوردەواریدا برەویانپێدا، كە بەرگێكی دینیان بەبەر كاری سیاسیی خۆیاندا كردووە و بەناوی دامەزراندنی فەرمانڕەوایی خودایی، خۆیان دەیانەوێ فەرمانڕەوای خەڵك بن.

 بەداخەوە، ئێستا لەكوردستانی عیراق(بەهەرێمی كوردستانیشەوە) و عیراق و جیهانیشدا، توندڕەوی برەوی هەیە. توندڕەوی كۆمەڵی ئێمەی تەنیوە. لەسەر جادە، لەكاتی شوفێریدا توندڕەوین. جاران، پێش راپەڕین، فەرمانگەی هاتوچۆی شارەكان، تابلۆیەكیان، لە زۆر جێگەی شاردا، هەڵواسیبوو كە بەعەرەبی بوو و لێینووسرابوو (عەرەبییەكە نانووسمەوە و وەرگێڕدراوەكەیتان بۆ دەنووسم): شوفێری هونەرە، سەلیقەیە، رەوشتە! ئێستا ئەو رستەیە تەنیا، جارجارە، لە رادیۆی ترافیكدا، كە هی بەڕێوەبەرایەتیی هوتوچۆی سلێمانییە، دەگوترێتەوە و دەدرێ بەگوێی گوێگرانی رادیۆكەدا، بێئەوەی بەشی هەرە زۆری شوفێرانمان، پێڕەوی بكەن. سەرەڕای خراپیی جادەو رێگاوبانمان، ئەگەر شوفێریمان رەوشتی تێدا پێڕەوبكرێ چۆن، تەنیا لەیەك ساڵدا، لە سێ شاری هەرێمی كوردستان، بەهۆی تیژڕەوییەوە، كە ئەویش هەر توندڕەوییە، نزیكەی پێنج سەد كەس، بەداخەوە، بە رووداوی ئۆتومبێل، مردوون!

لەنێو خێزاندا، وەك باوك و دایك، توندڕەوین. لەمەكتەبدا، وەك مامۆستا توندڕەوین، لەكاتێكدا ئێمە، لەشەڕی دژ بە داعش پتر لە هەزار پێشمەرگەمان لێشەهیدبووە، جێی داخە خۆشمان، بەشێوەی جۆراوجۆر، توندڕەوین!

ئەمڕۆ، ٥\١٢\ ٢٠٢١ یەكشەممەیە، كە ئەم وتارە دەنووسم و یادی (٢٠) بیست ساڵەی راگەیاندنی رێكخراوی توندڕەوی (ئەنسارولئیسلام لە كوردستان)ە، ئەو رێكخراوەی باڵە هەرە توندڕەوەكەی نێو بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی بوو، بەداخەوە، ماوەیەك زۆنێكی فەرمانڕەواییان هەبوو و بەشێوەیەكی توندڕەوانە، (شەریعەتی ئیسلام)یان تێدا پێڕەودەكرد و لەهەورامانیشەوە، پاش ئەوەی لە سەرەتای راگەیاندنیان، وەك جوندولئیسلام، لە یەكی ئەیلولی ٢٠٠١، جیهادیان دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندبوو، دەیانویست، بە زەبری چەك، بیڕوخێنن. ئەوەبوو چەندین شەڕیان بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان فرۆشت و گەلێ پێشمەرگەیان شەهید كرد، كە ترۆپكی توندڕەوییەكەیان، لە رووداوی كارەساتباری خێڵی حەمەدا رەنگیدایەوە، كە پۆلێك پێشمەرگەیان نەك هەر قەتڵوعام كرد، بەڵكو سەریشیان بڕین!

ئەوان، لەسەر دەستی پێشمەرگەو هێزەكانی هاوپەیمانان، فەوتێندران، بەهیوای ئەوەی هەموو تاكێكی ئەم كوردەوارییە، بەخۆیدا بچێتەوە و درك بەوە بكات توندڕەوی، كە وەك گوتم دەوریگرتووین، نەخۆشییەو خۆمان چاكبكەینەوە و توندڕەوی بەهەموو جۆرەكانییەوە، نەهێڵین!