سەردەمی 'لۆزانی كورد'

سالار مەحمود


27/07/2022

لە ئاستی نێودەوڵەتییەوە تاوانەكان رادەگیرێن

بەستنی كۆنفرانسی كورد لە لۆزان، لەو ھۆڵەی بەر لە سەد ساڵ پەیمانی نێودەوڵەتی ئیمزا كرا، بەپێی ئەو رێكەوتنە سیڤر ھەڵوەشێنرایەوەو كوردستان وەك گۆشتی 'قوربانی و خێر' پارچە پارچەكرا. ئەو كۆبوونەوە كوردستانییە وڵامێكی مێژوویی گرنگە بۆ ئامادەیی كورد بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی مێژوو. ئیتر كورد، كوردی سەردەمی لۆزان نییە. لەھەموو شوێنێ ھەیەو ئامادەیە. ئەگەر لەسەردەمی لۆزانی ئەواندا ژمارەی كورد كەمتر لە پێنج ملیۆن بووبێ، ئەوا ئێستا زیاتر لە چل ملیۆنە.

ئەگەر ناوو دەنگی كورد لە كەمترین شوێنی دونیا بیسترابێ، ئێستا ھەموو قوتابخانەیەكی شارو وڵاتانی ئەوروپا مناڵی كوردی لێیە. سەرمایەی گەورەی نیشتمانین. وەكو مەریوانی وریا قانیع لە كۆنفرانسەكە وتی ئێستا لە 'زانكۆكانی ئەمریكاو ھۆڵەنداو زانكۆكانی ئەوروپا چەندان مامۆستای كوردی لێیە.'

بەدڵنییایەوە كورد لەناو ناوەندەكانی سیاسی لەئەوروپاش دەركەوتوون لە شارەوانیەكان لە بەشێك لەپەرلەمانی وڵاتان لەحكومەتەكانی خۆجێی. كورد دەركەوتوون.

دوایین ھەڵوێستی ئامینە كاكە باوە لەپەرلەمانی سوید دەربارەی مەلەسەی كورد لەنێوان سویدو توركیادا نمونەیەكی گرنگە. بۆ گۆڕانی دەوران و پەندێكە پێویستە ھانی لایەن و ھێزە كوردیەكان بدات ھاوكاری رەوەندی كوردستانی بن بۆ چوونە ناو پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپاو سەرخستنی بەربژێرە كوردەكان لەكاتی ھەڵبژاردنەكاندا.

كەش و ھەوای 'كۆنفرانسی لۆزانی كورد'. و وتنەوەی سرودی ئەی رەقیب و بوونی زیاتر لە ٣٠٠ كەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری و نیشتمان پەروەرو ئەكادیمیست ئاماژەو وڵامێكی بەھێز بوو بۆ بنمیچ و سەرمیچی ھۆڵی پڕ غەدری سەد ساڵ لەمەو بەری لۆزانی ئەوان.
بە داخەوە لە ئاستی ناوخۆی كوردستاندا بەھۆی بێباكی گەورەو  خەمناك بەرامبەر بە پرسە نیشتمانیەكان بەھۆی سەرقاڵی بە بەرژەوەندییە ناگشتی و نا نەتەوەیی و ناعەدالەتیەكانەوە. كەمتر ھێزو تواناكان بۆ بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی و دادپەروەریەكان خەرج دەكرێت.

خەمناكیەكی قوڵ ھەناو پر لە ئاھ ئەكات لە دۆخیا دەبینین چ گۆڕەپانێكی بەرفراوان رەخساوە بۆ راستكردنەوەی كەموكوڕیەكان قەرەبووكردنەوەی سەردەمی بێكەسی كوردو سەردەمی غەدرە نێونەتەوەییەكان كە بوونە باعیسی ئەنفال و كیمیاباران بونە باعیسی دواخستنی كورد لە رەوتی گەشەكردنی سروشتی خۆی لەسەر ماڵ و حاڵ و خاكی خۆی.
جوڵەو خەباتی دیبلۆماسی وەك پێویست نییە.

سەرباری ئەو خەمانە، گەشبینم بە ئایندە گەشبینم بە حەتمیەتی سەركەوتن و گەیشتن بەخەونی شەھیدەكانمان و ئەو تێكۆشەرانەی سەرو ماڵ و مناڵ و گوزەران و تەمەنی خۆیان كردە قوربانی ئازادی كوردستان.

وزەو مۆراڵێكی یەكانگیری كوردی ھەر چوار بەشی كوردستانم پێكەوە بینی.

حەماسێكی گرنگ و گەورە ھەیە ئەمانە ھەموو وزەی جۆشدانی خەباتەكەن.

بابەتی ئازادی كوردو كوردستان بابەتێكی تەواو ئەخلاقی و ویژدانی و رەواو پڕ ئەركە.
بابەتی مافی چارەنووس بۆ كورد ئامانجێكی رەوای بێ قەیدو شەرتە.

ھەر ئەم پرەنسیپانە دەبێ وامان لێ بكات زۆرتر بەلای ئەركە باڵاكاندا بڕۆین و كار بكەین. نەك بەرژەوەندی كەسی و رژاندنی پەتای ناكۆكی و بەرژەوەندی ناوچەیی و لە حوكمڕانیشدا گەندەڵی و دەستپیسی و یاسا شكێنی.

لەناوخۆدا پێویستمان بە گفتوگۆیەكی گەرموگوڕ ھەیە سەبارەت بە سەد ساڵەی لۆزان. 
رووداوەكانی ئەم دواییەی توركیا دەرھەق بە ھەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەرخەری نیازی خراپتری دەوڵەتی توركیایە بەرامبەر بە دیڤاكتۆی كوردستان لە عیراق و سوریا.

جوڵەی دیبلۆماسیەتی كورد لە عیراق بەرەو نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش شایستەی ھاندان و پشتیوانی كردنە بۆ راگرتنی توركیا.

دوژمنەكانی كورد لە بۆ سەد ساڵەی لۆزان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ لەباربردنی دەستكەوتە بەدیھاتوەكان، لەبەرامبەریشدا ھەموومان لەبەردەم راپەڕاندنی ئەركە ئەخلاقیەكانمانداین. 

لە كۆنفرانسی لۆزانی كوردەوە ھەڵمەتێكی جیھانی دەست پێ دەكات بەرامبەر بە وانەی رێگرن لەوەی كوردو كوردستان ھاوشێوەی گەلانی دونیا بگات بەئازادی خۆی.

گڕو تینی زیاترو كاری ھاوبەش پێویستە بۆ ئەم خەباتە دیبلۆماسیە نوێیە.

كۆنفرانسی لۆزان نەخشە رێگایەكی پێشكەش كردوە بۆ كاركردن بۆ ھەر تاك و لایەنێكی سیاسیە كاری لەسەر بكات و پەیڕەوی بكات. كە ئامانجی ھاوبەش و كاری ھاوبەش و خاڵی ھاوبەشی نێوان نیشتمان پەروەرانی كوردستانە. 

لە ئاكامی كۆنفرانسدا ئەم بڕیارو خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی رائەگەیەنین:
 
1. بێئەوەی پرس و ڕا لەگەڵ خەڵكی كوردستان بكرێت پەیمانی لۆزان رێكخراوەو وڵات و گەلی كوردستان دابەشكراوە. ئێمە وەك نوێنەرانی گەلی كوردستان ئەو پەیمانە رەد ئەكەینەوە.
 
2. كۆنفرانس بانگی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو ولاتانەی پەیمانی لۆزانیان واژۆكردوە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر ئەكات و ئەڵێت: وەرن بەیەكەوە پەیمانێكی نوێ لەسەر بنەمای راستی و دادپەروەریی ببەستین.
 
3. كوردستان یەك وڵاتە. گەلی كوردستان خاوەنی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیەتی.
 
4. كۆنفرانس پشتگیریی لە تێكۆشانی ئازادی دژی داگیركاریی و پارچەكردنی كوردستان لە هەرچوار پارچەی كوردستان بە ئەركێكی سەرەكی دەزانێت و سڵاو لەو تێكۆشانە دەكات.
 
5. كۆنفرانس گەلی ئاسوری-سریانی-كلدانی و هەموو ئەو گەلانەی لە كوردستان ئەژین و بەر نادادپەروەریی پەیمانی لۆزان كەوتوون، بە هاوچەرەنووسی گەلی كورد دەزانێت و سڵاو لە خەبات و تێكۆشانیان ئەكات.
 
6. كۆنفرانس خاوەندارێتی لە دەستكەوتەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات. پشتگیریی خەبات بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەكان دەكات.
 
7. كۆنفرانس پشتگیریی لە كارو تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی قەوارەیەكی فەرمی بۆ رۆژئاوای كوردستان و ئازادكردنی ناوچە داگیركراوەكان و كەمپینی هەرێمی دژەفرین  بۆ رۆژاوا دەكات.
 
8. كۆنفرانس لە دژی هەموو هێرشەكانی داگیركەرانە. بە تایبەتی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ناوچەی مەتیناو  زاپ و ئاڤاشین كە چەكی تێدابەكاردێنێت ریسواو شەرمەزار دەكات. سڵاو جەنگاوەرانی ئازادی دەكات كە لە دژی ئەو هێرشانە بەرخۆدان دەكەن.
 
9. كۆنفرانس داوا لە رێكخراوی OPCW " دژی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی"و هەموو هێزە جیهانییەكان دەكات لەبەرامبەر بەكەرهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن توركیاوە، بێدەنگ نەبن و هەڵوێست بنوێنن.
 
10. كۆنفرانس داوا لە هەموو پارت و رێكخراوو نوێنەرانی خەڵكی كوردستان دەكات، یەكێتی ناوخۆیی بەهێز بكەن و یەكدەنگ بەرامبەر هێرشی داگیركەران راوەستن. لەسەر ئاستی جیهانییش دەنگمان بكەینە یەك و دۆزی خەڵكی كوردستان بە دنیا رابگەیەنین.

لەم دە خاڵەدا روون كراوەتەوە كە پێكەوە كاركردن گرنگەو پێكەوە شان بدەینە بەردەم راپەڕاندنی ئەركەكان بەكەمتر لە بیست ساڵ قەرەبووی غەدری سەد ساڵە دەكەینەوە.
بەتایبەتی كورد دەنگی دەگاتە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتوەكان بەھۆی بەشدار بوونی لە حكومەتی عیراق.