خەڵتەی كۆمەڵگە

محەمەد رەئوف


26/05/2020

 خەڵتەی كۆمەڵگە 

• كۆمەڵگەی كوردی لەبەردەم ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری و هونەری وێرانكەردایە، لە هەموو بوارەكاندا خڵتەی كۆمەڵگە سەردەكەون و سەنگینەكانی كۆمەڵگە پاشەكشە دەكەن، گەجەرو گوجەرەكانی سیاسەت و هونەرو  ئابوری دێنە سەری روبارەكەو كۆمەڵگەیەكی روكەش و موزەیەف درووست دەبێت، خاڵی لە راستگۆیی و سەنگینی، خاڵی لە مەعریفەو رێزو خۆشەویستی و ئاسودەیی..

• هێدی هێدی دەنگە رەسەنەكانی هونەر لە شاشەكانەوە ئاوا دەبن، كەس باسی عەلی مەردان و محەمەدی ماملێ، ناكات، بەهجەت یەحیا و دیاری قەرەداغی و عەدنان كەریم و كیژان و كانی، دەچنە  پشتی ستەیجی هونەرەوە، دەنگە نەشازەكانی كۆمەڵگە دێنە سەرەوەو هونەری كوردی ئاراستە دەكەن.

• كاتێك سیاسیە سەنگینەكان نایانەوێت لەناو فەوزای ململانێ سیاسیە ناشەریفەكاندا یاری بكەن و پاشەكشە دەكەن، سیاسیە هەڵتۆقیی و بێ ئەرزشەكانی كۆمەڵگە دەبنە دەموچاوی سیاسیەت لە كوردستان و سیاسیەت بەو دەردە بەن كە ئێستا دەیبینن..

• كاتێك سەرمایەدارە رەسەنەكانی ناو كۆمەڵگە نایانەوێت تێكەڵی ئەجێندای بازرگانە سیاسیەكان بن و بازرگانی رەش قبوڵناكەن، بازرگانە سیاسیەكان لە رێگەی دەموچاوە ناشرینەكانەوە دەیان سەرمایەداری هەڵتۆقی و قوت دەكەنەوەو بازاڕو سەرمایەو بازرگانی و پرۆژە قۆرغ دەكەن و بازاڕێكی شێواو و بازرگانیەكی رەش درووست دەكەن..

مومارەسەی ھونەرو سیاسەت و ئابوری و میدیا و كۆمەڵگە، لەبەردەم داروخانێكی مەعریفی گەورەدایە، داروخانێك كە ئەگەر كۆمەڵگەش نەكوژێ، روحی كۆمەڵگە لە مەعریفەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بەتاڵ دەكاتەوە، خڵتەی كۆمەڵگە وەك سەراب سەردەكەوێت سەنگینەكانی كۆمەڵگە پاشەكشەیەكی قوڵ دەكەن... ئیدی خۆری هونەری راستەقینە، سیاسەتی عەقڵانی ، كێبەركێی شەریفانە،  خۆشبەختی و ئاسودەیی، راستگۆیی، عەدالەتی كۆمەڵایەتی بۆ هەتایە ماڵئاوایی دەكات..!!؟؟