قەڵادزێ.. هاووڵاتییەك برایەكی خۆی كوشت

کوردستان

01/10/2020     ژمارەی بینراو 635

كوژراوەكە پێشمەرگەیە

راچڵەكین -

لە قەڵادزێ دوو برا بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ تەقە لەیەكتر و هەردووكیان بریندار دەبن، یەكێكیان بەهۆی كاریگەریی برینەكەی گیانی لەدەستداو پۆلیسیش لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە دەستپێكردووە.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، كاتۆ 7:45 خولەكی ئەمشەو، دوو بریندار كە هەردوكیان بران و دانیشتووی گەڕەكی هەنارۆكن لە قەڵادزێ بەناوەكانی ( ئـ . م . ع ) لەدایك بووی1991 پیشەی پێشمەرگەو ( ع . م .ع ) لەدایك بووی 1995 پیشەی كاسب، بەبرینداری گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ.

پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ماوەیەك ( ئـ . م . ع ) بەهۆی سەختی برینەكەی، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداو بریندارەكەی دیكەش رەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی كرا.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە وتەی كەسوكاریان ئەو دوو برایە لە ماڵی خۆیان بەهۆكارێكی نەزانراو  دەمەقاڵی لەنێوانیاندا دروست بووە و دواتر بۆتە شەڕیان كە هەردوكیان چەكی جۆری دەمانچە و تاپڕیان بەكار هێناوە و تەقەیان لەیەكتری كردووە، شوێنەواری فیشەك بەسەر جەستەی مردووەكە و شوێنەواری ساچمەش بە سەر جەستەی بریندارەكەوە هەیە.

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكراشیكردووە، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، تەرمی كوژراوەكە ڕادەستی كەسوكاری كراوەتەوەو هەردوو چەكەكەش دەستیان بەسەرداگیراوە، دۆسیەی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن