وەزارەتی تەندروستی لە بارەی تۆمارکردنی ڤایرۆسی سارس لە سلێمانی روونکردنەوە دەدات

ڕاپۆرت

20/11/2020     ژمارەی بینراو 875

راچڵەکین-

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێـی کوردستان لەسەر تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی ڤایرۆسی سارس لە سلێمانی روونکردنەوە دەدات و دەڵێت:" تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی پەسندکراو نیە بۆ بوونی ئەم ڤایرۆسە"، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانیش دەڵێت:" هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە و بەدواداچوون دەکەن".

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە:" تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی پەسندکراو نیە بۆ بوونی ئەم ڤایرۆسە، چونکە پڕۆسەی پشکنینی تاقیگە بۆ چەندین جۆری ڤایرۆس ئەنجام دەدرێت و چەندین جۆری ڤایرۆسی سارس هەیە کە لەگەڵ جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا لە هەمان خێزان ئەژمار دەکرێت".

دەشڵێت:" هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە پێویست بە شڵەژان ناکات و تیمی پسپۆڕی وەزارەتمان لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی، بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە لەم گومانە دەکات وە تەنها وەزارەتی تەندروستی تاکە سەرچاوەی فەرمی ڕاگەیاندن دەبێت کە بە داخەوە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی دەبنە هۆکاری پشێووی هاووڵاتییان".

لای خۆشییەوە سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند:" هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەبەردەست نییە، بۆ بوونی حاڵەتی تووشبوونی ڤایرۆسی سارس لە سلێمانی و بەدواداچوونی ورد بۆ بابەتەکە دەکەین".

هاوکات، چالاک قەشانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاسا، لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" سامپڵ لە سێ بۆ چوار کەس وەرگیراوە کە دەرکەوتووە کۆڤید نییە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت سارس بێت، بەڵام بە تەواوی یەکلانەبووەتەوە".

وتیشی:" وەزارەتمان ئاگادارکردووەتەوە و لەگەڵ تاقیگەی مۆلیکۆلەری سەرچنار قسەمان کردووە، بۆئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو حاڵەتانە بکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، ڤایرۆسی سارس هاوشێوەی کۆرۆنا وایە، لە رێگەی کۆکەوە و هەناسەدانەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام گواستنەوەی خاوترە.

ئەمڕۆ هەینی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بڵاویکردەوە کە لە تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاسا، جگە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڤایرۆسی سارس كە بە Severe Acute Respiratory Syndrome (SARS) ناسراوە لە ناو هاوڵاتیاندا بڵاوبووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن