"كۆرۆنا ئەوەندە ئاقڵە نەدەچێت بۆ كافتریا نە بۆ نادی.. ئەسڵەن بۆ بازاڕیش ناڕوات"

ڕاپۆرت

14/01/2021     ژمارەی بینراو 580

راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا

بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، رەخنە لە بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت سەبارەت بە دواخستنی دەستیپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەهەرێمی كوردستان و دەڵێت:" زۆر سەرسامم بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە زۆر زۆر حەز بە خوێندن ئەكات و تەنها لە ناو خوێندنگاكان بڵاودەبێتەوە."

دوێنێ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا، خوێندنی قۆناغەكانی 1 ی بنەڕەتی تا 11 ی ئامادەیی  و پەیمانگاكان ، حكومی و ناحكومی ، لە 1 ی 3 ی 2021  دەستپێبكاتەوە.

شەماڵ جەبار یاوەر- بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە لەكاردانەوەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە نوسیوویەتی:" زۆر سەرسامم بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە زۆر زۆر حەز بە خوێندن ئەكات و تەنها لە ناو خوێندنگاكان بڵاودەبێتەوە، ئەوەندە ڤایرۆسێكی ئاقڵە نە ئەچێت بۆ كافتریا و نە بۆ نادی و ئەسڵەن بۆ بازاڕیش ناڕوات،  وەعدیشی یاوە ئیتر لە ١/٣ ئەڕوات و نایەتەوە دیارە مەوعیدیشی ڕاستە."

پێشتریش، د. هێرش سەید سەلیم-جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاندبوو:" راگرتنی پرۆسەی خوێندن لەهەرێمی كوردستان تەنها بەهۆی كۆرۆناوە نەبووە، نەبوونی مووچەو نادادی لەسەر دابەشكردنی مووچەو دابینكردنی بژێویی مامۆستا، ئەمە ئەركێكی لەكۆڵ حكومەت كردۆتەوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا هۆكارێكە لە هۆكارەكانی ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن."

لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی جەختلەوە دەكەن كە دواخستنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بەتەنها پەیوەندی بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە نییە، بەڵكو پێنەدانی مووچەو ترس لەبایكۆتكردنی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە هۆكارێكی دیكەی دواخستنی پرۆسەكەیە لەلایەن حكومەتەوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە رایەكی پێچەوانەی رای ئەوان هەیەو هۆكارەكە تەنها بۆ مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە.

 د. سەیوان عەلی- بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە بە ( راچڵەكین)ی راگەیاند:" هەموو وەزارەتەكان بە یەكەوە مووچە وەردەگرن، ئەگەر وابێت ئەی بۆ  وەزارەتەكانی دیكە دەوام دەكەن، بۆیە من پێشبینی ناكەم ئە قسەیە بنەمای هەبێت كە لە ترسی نەبوونی مووچە خوێندنگاكان داخرابن، ئەگەر وا بووایە ساڵانی رابردووش دادەخران خۆ كێشەی مووچە لە سا‌ڵی ٢٠١٤ وە هەیە و هیچ ساڵێكیش خوێندنگاكان دانەخراون لەبەرئەوەی مووچە نەهاتووە بۆ كوردستان، بۆیە ئەو قسانە هیچ بنەمایەكی زانستی نییە".

هەرچەندە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدابوو 16ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە، بەڵام رۆژی 7ی ئەم مانگە جارێكی تر دواخستنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی درێژكردەوە، هەر ئەو كات یەكێتی مامۆستایان و پەرلەمانیش رایانگەیاند، دواخستنی پرۆسەكە پەیوەندی بە كۆرۆناوە نییە، بەڵكو حكومەت ناتوانێت مووچە دابەشبكات.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری ئەو بڕیارەی حكومەت نین بۆ دواخستنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن و رای ئێمە وەك یەكێتی مامۆستایان وەرنەگیراوە و ئەوە بڕیارێكی سیاسییە و پەیوەندی بە كۆرۆناوە نییە".

دەشڵێت:" حكومەت ناتوانێت مووچە دابەشبكات، بۆیە لە ترسی خۆپیشاندان و بایكۆتكردنی پرۆسەی خوێندن دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی دواخستووە، ئەگەر نا ئێستا هێج مەترسییەك لە ئارادا نییە".

لای خۆشییەوە شەمۆڵ ئاشتی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" ئاگاداری ئەو بڕیارەی حكومەت نین بۆ دواخستنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، بەڵام زۆر بە راشكاوی دەیڵێم ئەو بڕیارانە پەیوەندی بە ترسی بایكۆت و پێنەدانی مووچەوە هەیە نەك كۆرۆنا".

رۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ئەمساڵ، ساڵی نوێی خوێندن بۆ قۆناغی ١٢ی ئامادەیی لەناو ناوەندەكانی خوێندن و ١٠-١٠-٢٠٢٠ بۆ قۆناغی یەك و دووی بنەڕەتی لەناوەندەكانی خوێندن دەستیپێكرد، بۆ قۆناغی سێی بنەڕەتی تاوەكو ١١ی ئامادەیی، پرۆسەی خوێندن، بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەستیپێكرد، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان بەگشتی و لە ریزی خوێندكاران و مامۆستایان بە تایبەتی، بڕیاردرا بە داخستنی دەرگای قوتابخانەكان.

 رۆژی ١-١٢-٢٠٢٠، جارێكی دیكە لیژنەیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بۆ ٧-١-٢٠٢١، دوابخرێت و خوێندن لەزانكۆ و پەیمانگاكانیش بەو شێوەیەی كە هەیە بەردەوام بێت. جارێكی تریش وادەی دەستپێكردنەوەی ئەو پرۆسەیە بۆ ١٦ی ئەم مانگە درێژكرایەوە.

دوێنێ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەركردو رایگەیاند، رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١ ، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەكانیەوە، لە قوتابخانە و خوێندنگە حكومی و ناحكومیەكان دەستپێدەكاتەوە.

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بۆ قۆناغەكانی ١-١١ی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەكردووە:" دەستپێكی خوێندنی قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی  و پەیمانگاكان ، حكومی و ناحكومی ،  كە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١  دەستپێدەكات ، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێكی نوێ كە پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و كەمبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن