د. سەیوان عەلی: نەبوونی مووچە هۆكاری دواخستنی پرۆسەی خوێندن نییە

چاوپێکەوتن

12/01/2021     ژمارەی بینراو 591

راچڵەكین-کۆچەر عەزیز

بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم باس لە پێشنیارەكانی وەزارەتەكەی دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن و دەشڵێت:" پێشبینی ناكەم لە ترسی نەبوونی مووچە خوێندنگاكان داخرابن، ئەگەر وا بووایە ساڵانی رابردووش دادەخران."

د. سەیوان عەلی، لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" سبەینێ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوەو بڕیار لەبارەی دەستپێكردنەوەی خوێندن و رێكاری نوێ بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەكەی كۆرۆنا دەدات، ئێمەش وەك وەزارەت چەند پێشنیارێكمان ئامادەكردووە بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن."

دەشڵێت:" پێشنیارمان كردووە بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان، دەبێت وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ وەزارەتی  پەروەردە هەماهەنگی تەواو بكەن و تیمی گەڕۆك دابنرێت و لانی كەم هەفتەی یەكجار ئەو تیمە سەردانی هەموو خوێندنگاكان بكەن بۆ پشكنین و ئاگاداربوون لە رەوشتی تەندروستی مامۆستا و خوێندكاران".

سەیوان عەلی، دەشڵێت:" هەموو رێكارە تەندروستییەكان  لە دابینكردنی دەمامك و پاككەرەوە و پێوەری پێوانی گەرمی لەش لە سەرجەم قوتابخانەكان دابنرێت و سەرجەم رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێبكرێن".

سەبارەت بە كاتی كەمكردنەوەی پشووەكان وتیشی:" بۆ ئەوەی قەرەبووی خوێندن بكەینەوە پێویستە پشووەكان كەمبكرێنەوەو (وانەكانی وەرزش و هونەر) لانابرێن دەتوانین سوود لە كاتەكانی ئەو وانانە وەربگرین و بیانگۆڕینەوە بەو وانانەی دیكە كە گرنگ و پێویستن، لە حاڵەتی پێویستیدا، ئێمە هەموو رێگەیەك دەگرینە بەر بۆئەوەی بتوانین پرۆسەی خوێندن تەواو بكەین و ساڵەكە بە سەركەوتووی كۆتایی بێت."

دەربارەی کاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن ئاماژەی بەوەشكرد:" ئێمە هیچ كاتێكمان دیارینەكردووە، بەڵام هەر كاتێك لیژنەی بالا بڕیار بدات ئێمە پلانێك دادەنێین بۆ ئەوەی بە لایەنی كەم بتوانین وەك ساڵی رابردووش بێت پرۆسەی خوێندن تەواو بكەین كە لەسەدا ٧٥ی پرۆسەكە تەواوكرا."

سەبارەت بە لێدوانێكی د. هێرش سەید سەلیم- جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی كە ئاماژەی بەوەكردبوو راگرتنی پڕۆسەی خوێندن تەنها بەهۆی كۆرۆناوە نەبووە، نەبوونی مووچەو نادادی هۆكارێكی دیكەیە و دەسەڵاتیش خۆی ئەمە دەزانێت، د. سەیوان وتیشی:" هەموو وەزارەتەكان بە یەكەوە مووچە وەردەگرن، ئەگەر وابێت ئەی بۆ  وەزارەتەكانی دیكە دەوام دەكەن، بۆیە من پێشبینی ناكەم ئە قسەیە بنەمای هەبێت كە لە ترسی نەبوونی مووچە خوێێندنگاكان داخرابن، ئەگەر وا بووایە ساڵانی رابردووش دادەخران خۆ كێشەی مووچە لە سێ‌ڵی ٢٠١٤ وە هەیە و هیچ ساڵێكیش خوێندنگاكان دانەخراون لەبەرئەوەی مووچە نەهاتووە بۆ كوردستان، بۆیە ئەو قسانە هیچ بنەمایەكی زانستی نییە لەگەڵ رێزم بۆی، بەڵام وەزارەتی پەروەردە زیاتر گوێ لە قسەكانی وەزیری تەندروتسی دەگرێت، چونكە ئەو ئاماری زیاتر لایە و لە هەموو شارەكانەوە داتای بۆ دێت، نەك تەنها لە یەك شارەوە، بۆیە نازانم بنەمای ئەو قسانە چین و سەرچاوەكەی چییە، ئەوە پەیوەندی بە منەوە نییە، بۆیە قسەی لەسەر ناكەم".

دەشڵێت:" ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە بەردەوام جەختلەسەرئەوەدەكەینەوە، پاراستنی تەندروستی خوێندكاران و مامۆستایان و كەسوكاری خوێندكاران لە ئەولەویەتی كارەكانمانە، لەبەرئەوە نازانم چۆن ئەو قسەیە دەكەن، دەبێت ئەوە قسەی خەڵكی بێت و بیكات بە قسەی فەرمی، بەڵگەی چییە بۆ ئەو قسانەی كە كردوویەتی، كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكانیش لەدەست ئێمە نییە تەنها وەزیری پەروەردە نییە كە بڕیار دەدات، بەڵكو لیژنەی باڵا بڕیار لەوەدەدات".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن