هەزاران فەڵەستینی لە غەززە ماڵ و حاڵیان بەجێ دەهێڵن

جیهان

14/05/2021     ژمارەی بینراو 382

راچڵەكین –

بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە لەوەڵامی هێرشە مووشەكییەكانی بزووتنەوەی حەماس، بە هەزارانی خێزانی نیشتەجێی كەرتی غەززە ماڵ و حاڵیان بەجێدەهێڵن و روو دەكەنە ناوچە ئارامەكان و ئەو شوێنانەی بنكەو بارەگای حەماسی لێ نییە.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، تائێستا زیاتر هاووڵاتیی فەڵەستینیی نیشتەجێی كەرتی غەززە، لەترسی بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل، ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.

ماوەی چەند رۆژێكە سوپای ئیسرائیل بەچڕی هێرشی ئاسمانیی بۆسەر كەرتی غەززە دەستپێكردووە، بەهۆیەوە جگە لە خاپووربوونی دەیان باڵەخانە، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیش كوژراوو بریندار بوون.

ئێوارەی ئەمڕۆش، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای لە ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس كرد دەستبەجێ شەڕ رابگرن و دەرفەت بە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخی كەرتی غەززە.

پێشتر حكومەتی ئیسرائیل رایگەیاندبوو هێرشەكانیان بۆسەر كەرتی غەززە راناگرن تا ئەوكاتەی سەرجەم بنكەو بارەگاكانی حەماس و گروپە تیرۆریستییەكانی دیكە خاپوور دەكەن و كۆتایی بە هێرشە مووشەكانیان بۆسەر خاكی وڵاتەكەی دەهێنن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن