ئەو هاووڵاتییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە گەشت بۆ دەرەوە دەکەن پێویست دەکات پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامبدەن؟

ڕاپۆرت

16/06/2021     ژمارەی بینراو 528

راچڵەكین-کۆچەر عەزیز

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، رێگا بەو هاوڵاتیانە نادات كە هەردوو ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە، لەهەرێمی كوردستانەوە گەشتی دەرەوە بكەن، ئەگەر هاتوو ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنایان پێ نەبێت. ئەوەش لەكاتێكدا دێت وەزارەتی تەندروستی هەرێم دوو رێنمایی لەوبارەیەوە دەركردووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك هاووڵاتی هەرێمی كوردستان ناڕەزاییان دەربڕی كە لەوەی لە دەرەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و كارتی وەرگرتنی ڤاكسینیشیان پێیە، بەڵام هەر داوای پشكنینیان لێدەكەن، ئەوەش وەزارەتی تەندروستی هێنایە سەرخەت و چەند بریارێكی دەركرد.

 رۆژی سێشەممە، وەزارەتی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، لەبارەی پشكنینی كۆرۆنا بۆ ئەو كەسانەی كە لە رێگەی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان دێنە هەرێمی كوردستان، دوو بڕیاری دەركرد. لەیەكێك لەبڕیارەكاندا هاتووە، ئەو هاووڵاتییانەی كە دەرەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت كەمتربێت لە 48 كاتژمێر لەكاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات".

لە خاڵێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "ئەو هاووڵاتییانەی بڕوانامەی وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت، لەكاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات".

ژمارەیەك هاووڵاتی كە دەیانەوێت لە كوردستانەوە گەشتی دەرەوەی وڵاتان ئەنجامبدەن پەیوەندییان بە راچڵەكینەوە كرد كە چوونەتە فڕۆكەخانە پێیان راگەیاندوون بێ پشكنینی كۆرۆنا رێگەیان پێ نادرێت گەشت بكەن.

لەوبارەیەوە، تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" بڕیارەكەی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو هاووڵاتییانەیە كە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، بۆیە هەر هاووڵاتییەك لە دەرەوە بگەڕێتەوە كوردستان و دوو ژەم ڤاكسینی وەرگرتبێت پێویست بە ئەنجامدانی پشكنین ناكات راستەوخۆ رێگەی پێ دەدرێت".

وتیشی:" بەڵام ئەو هاووڵاتییانەی لە كوردستانەوە دەیانەوێت گەشت بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەنجامبدەن دەبێت پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت، ئەگەر نا رێگەیان پێ نادرێت، چونكە بڕیارەكەی وەزارەت تەنها بۆ ئەوانەیە لە دەرەوە دەگەرێنەوە نەك بە پێچەوانەوە".

راچڵەكین لەسەر ئەو بابەتەی كە ئایا هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە سەردانی دەرەوە دەكەن ئەگەر ڤاكسینیشیان وەرگرتبێت پێویست بە ئەنجامدانی پشكنین دەكات پەیوەندی بە د. ئاسۆ حەوێزی وەزارەتی تەندروستییەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

لەلایەن خۆشییەوە، ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لە سلێمانی بە راچڵەكین-ی راگەیاند:" تا ئێستا هیچ بڕیارێكیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی كە لە كوردستانەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامدەدەن پێویست ناكات پشكنین ئەنجامبدەن، بۆیە تا ئێستاش ئەو هاووڵاتییانەی دەچنە دەرەوەی وڵات دەبێت پشكنینی كۆرۆنا ئەنجامبدەن."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن