باڵامبۆ محەمەد: بۆ دوورخستنەوەی هێرشە مووشەكییەكان پێویستە لەگەڵ عیراق ناوماڵی خۆمان یەكبخەین

چاوپێکەوتن

09/07/2021     ژمارەی بینراو 980

راچڵەكین –

باڵامبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بەردەوامبوونی ھێرشە دەرەكییەكانی سەر ھەولێر و ھێزەكانی ھاوپەیمانان لەو شارە لەرێگای درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشەكی دوور ھاوێژەوە، بەمەترسی لەسەر پارێزراویی قەوارەی ھەرێمی كوردستان وەسفدەكات، دەشڵێت:" دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە پەیامی سیاسی لەپشتەوەیەو بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێرشانەش، پێویستە لەگەڵ عیراق ناوماڵی خۆمان یەكبخەین".

دەربارەی ئەوەی ھۆكاری مووشەكبارانی ھەولێر و ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە ھەولێر چییە، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، باڵامبۆ محەمەد رایگەیاند "ھەر لەدوای پرۆسەی ئازادكردنی عیراق، ئەم وڵاتە بووە بە مەیدانی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، ململانێكانیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و قایمكردنی پێگەی ئەو دەوڵەتانە بوو، ململانێكان عیراقی بە ئاقارێكدا برد ئێستا حكومەتی عیراق حكومەتی مووچە دابەشكەرە نەك حكومەتێك كە خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و خاوەنی دەسەڵات و سوپایەكی نیزامی خۆی بێت، ھەروەك چۆن ئێمە لە ھەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستاش گیرمان بەدەست یەكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەوە خواردووە، لە عیراقیش حەشدی شەعبی رۆڵی سوپای عیراق دەبینێت، بەڵام ئەم رۆڵ بینینەیان بە جۆرێك نییە كە بۆ سەروەریی خاكی عیراق بێت، لە ئەنجامی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی دیكە لەسەر خاكی عیراق دەبینین شتێك نییە بەناوی عیراق یان سەروەریی خاكی عیراق، بۆیە لەم دۆخەدا بۆ عیراق و ھەرێمی كوردستانیش باشترین رێگاچارە ئەوەیە نێوماڵی خۆمان رێكبخەین، ئەوەی لە دەستووردا نووسراوەتەوە ھەردوولا پابەندبن پێوەی، ئێمە كە لە ناوخۆ خۆمان یەكخست ئەوكاتە دەتوانین بە یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكان سەروەریی خاكی عیراق بپارێزین".

دەربارەی ئەوەی كێن ئەوانەی ئەو ھێرشانە ئەنجام دەدەن و بۆ ھەرێمی كوردستانیان بە ئامانج گرتووە، باڵامبۆ محەمەد رایگەیاند "سیاسەت بریتییە لە بەرژەوەندی، ئەوانەی كە تێروانینیان وایە ئەمریكا بۆ داگیركردنی خاكی عیراق ھاتووە، ھەمیشە ھەوڵدەدەن كێشە بۆ ئەمریكا دروست بكەن بۆئەوەی عیراق چۆڵ بكەن، ھەر ئەوانەشن ئەو ھێرشانە ئەنجام دەدەن، دەبێت دان بەو راستییەشدا بنێین عیراق و وڵاتانی دراوسێشمان لەبەرژەوەندییان نییە ئەمریكا لە ھەرێمی كوردستاندا بێت، نە عیراق و نە وڵاتانی دراوسێمان پێیان باش نییە شوێنێك ھەبێت بەناوی ھەرێمی كوردستان، چونكە ئەوان ھەمیشە كوردیان بە مەترسی لەسەر خۆیان زانیوە، بۆیە بە ھەموو لایەك ھەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ لەباربردنی ئەم ھەرێمە، مەترسییەكی گەورە لەسەر قەوارەی ھەرێمی كوردستان ھەیە".

لەوەڵامی ئەوەی بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەكان پێویستە چی بكرێت و ھەوڵەكان چی بن، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "پێویستە بە ھەموو پێكھاتەكانی عیراقەوە ھەوڵی یەكخستنی ناو ماڵی عیراق بدەین و بە یەكگرتوویی دووری بخەینەوە لە مەترسییەكان و دەستێوەردانە دەرەكییەكان، ئێمەش وەك كورد پێویستە باش ئەوە بزانین كە ئێستا بارودۆخ لەبارنییە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی، بیرمانە ریفراندۆممان كرد و كەسمان لەگەڵ نەبوو، مادەم لەم كاتەدا بارودۆخ لەبارنییە، دەبێت ئێمە لەگەڵ ناوچەكەو دنیا خۆمان بگونجێنین، بەڵام ئەمە نابێت عیراق بە خاڵی لاوازی ھەرێمی كوردستان سەیری بكات، چونكە ھەركات ھەرێمی كوردستان لەباربچێت، عیراق رووبەڕووی كێشەی زۆر گەورە دەبێتەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ".

باڵامبۆ محەمەد وتیشی: "ئێمەش و حكومەتی فیدراڵیش ھیچ دەروازەیەكی دیكەمان لەبەردەم نییە لە گفتوگۆ و رێككەوتن و پابەندبوون بە دەستوور زیاتر، چونكە بە یەكگرتوویی دەتوانین مەترسییەكان دووربخەینەوە، ئەو مووشەكانەی ئاراستەی ھەولێر دەكرێت ئەگەر رۆڵی راستەوخۆی دەسەڵاتی عیراقیشی تێدا نەبێت، بەڵام ھەر خەتابارە، چونكە نەیتوانیوە ئەمنیەتی ناوخۆی خۆی و ئەمنییەتی ئەو ناوچانە بپارێزێت كە ھێرشەكانی لێوە دەكرێت، دەبێت ھەردوولامان بزانین كەس دۆستمان نییە، بۆیە باشترین رێگاچارە گفتوگۆ و یەكگرتنەوەیە بۆئەوەی بتوانین بە ھەردوولا ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكەین و كۆتایی بەو مەترسییانە بھێنین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن