له‌م كاته‌دا خواردنی شوتی زیانی هه‌یه‌

تەندروستی

18/07/2021     ژمارەی بینراو 696

له‌م كاته‌دا خواردنی شوتی زیانی هه‌یه‌


ڕاچڵه‌كین- 

شووتی‌ وەک هەر میوەیەکی‌ تر خۆراکێکی‌ تەندروستە، پێکهاتە خراپەکانی‌ خۆراک (وەک چەوری و خوێ)ی زۆر بە کەمی‌ تێدایە، پێکهاتە باشەکانیشی زۆر تێدایە، بەتایبەت ڤیتامینەکانی‌ (A، B لە جۆرەکانی‌ 1، 2، 3، 5، 6 و C)، هەر وەک کۆمەڵێک لە کانزاکانی‌ تێدایە وەک کالسیۆم، ئاسن، مەگنیسیۆم، مەنگەنێز، فسفۆڕ، پۆتاسیۆم، سۆدیۆم و زینک، ئەمە جگە لەوەی‌ بڕێکی‌ باش لە ماددە دژەئۆکسێنەکانی تێدایە، کە ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە خاو کردنەوەی‌ پیر بوون و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی‌ دڵ و شێرپەنجە، دكتۆر زانا پزیشكی پسپۆڕی هەناو ڕێنمایی تایبه‌ت له‌باره‌ی‌ چۆنیه‌تی خواردنی ئه‌م میوه‌یه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

بەم جۆرە خۆراکێکی بەسوودە، بەڵام بێ زیانیش نییە، دیارترین زیانی‌ ئەوەیە کە بڕێکی‌ زۆر شەکری‌ تێدایە، کە ئەمەش وای‌ لێدەکات (پێنوێنی‌ شەکراوێتی- Glyacaemic index)ی‌ بەرز بێت، کە نزیکەی‌ 72ە و بەوەش تاکە میوەیە کە دەکەوێتە خانەی‌ ئەو خواردنانەی‌ ڕێژەی‌ شەکریان بەرزە (High Glyacaemic index)، ئەو خواردنانەش، نابێت ئەوانەی‌ شەکرەیان هەیە بیانخۆن و خەڵکی‌ لەشساغیش دەبێت بە کەمی‌ بیانخۆن.

کێشەیەکی‌ دیکەی‌ ئەوەیە کە قەبارەکەی‌ زۆر گەورەیە، کە چەند قاتی‌ میوەکانی‌ تر دەبێت. جا دەبینیت زۆر جار شووتییەکی‌ 10 کیلۆیی دەخرێتە بەردەمی‌ چەند کەسێک، بۆ نموونە 5 کەس و تا تەواوی‌ نەکەن دەستی‌ لێ بەرنادەن.

جا تەنانەت ئەگەر بە لێکردنەوەی‌ توێکڵەکەکەی‌ نیوەی‌ کێشەکەشی بڕوات، دەکات ئەو کەسانە هەر یەکەی‌ کیلۆیەکیان لێ خواردووە! ئەمە لە کاتێکدا کە لە ڕووی‌ زانستییەوە قەبارەی‌ ڕێگەپێدراو لە شووتی‌ 152 گرامە، کە نزیکەی‌ قاشێک دەکات، یان بڵێین نزیکەی‌ یەک لە حەوتی‌ کیلۆیەک! هەر بۆیە لە وڵاتانی‌ پێشکەوتوو شووتی‌ وەک لای‌ ئێمە نافرۆشرێت، بەڵکو قاش قاش دەکرێت و دەپێچرێتەوە و بەو جۆرە دەفرۆشرێت. بۆیە هەق وایە لەمەودوا هەر هیچ نەبێت کام شووتییە بچووکە، ئەوە بکڕین.

ڕاستە شووتی‌ ئاوی‌ زۆری‌ تێدایە و 91%ی‌ پێک دەهێنێت، بەڵام بەپێی‌ لێکۆڵینەوەیەکی‌ زانستی‌ کە ساڵی‌ 2014 لە جۆڕناڵی‌ (American Journal of Drug Delivery and Therapeutics)دا بڵاوکراوەتەوە، شووتی‌ ڕۆڵی‌ کارای‌ هەیە لە زیاد کردنی‌ میز و بەوەش لەش وشک دەکاتەوە. بەو جۆرەش شووتی‌ نەک جەستە تێراو ناکات، بەڵکو وشکیشی دەکاتەوە! بۆیە ئەوە زۆر هەڵەیە کە بوترێت شووتی‌ خواردن جێی‌ ئاو خواردنەوە دەگرێتەوە، چونکە جێی‌ ناگرێتەوە و بەڵکو جێیشی پێ چۆڵ دەکات!

لە ڕووی‌ کاریگەرییشییەوە بۆ قەڵەو بوون، ئەوە دیسانەوە ئەگەرچی وزەی‌ زۆر نابەخشێت، بە جۆرێک 100 گرام لێی‌ تەنها 30 کیلۆکالۆری‌ دەبەخشێت، بەڵام ئەگەر زۆر بخورێت، بۆ نموونە کیلۆیەک بخورێت، ئەوە دەکاتە 300 کیلۆکالۆری، کە ئەم وزەیەش بە سەعاتێک بە پێ ڕۆیشتن ئینجا دەسووتێت. ڕۆیشتنەکەش دەبێت، قەڵەوی‌ دەبێت!
پوختەی‌ قسان: شووتی‌ تەنها لە حاڵێکدا تەندروستە کە بە بڕی زۆر کەم بخورێت، ئەوانەش کە شەکرەیان هەیە نابێت بیخۆن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن