ئامادەكاری دەكرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا

کوردستان

21/07/2021     ژمارەی بینراو 306

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئامادەكاریی دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا لە كوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و بەشە پەیوەنددارەكان ئەنجامدا.

كۆبوونەوەكە بۆ ئامادەكاری و خستنەبواری جێبەجێكردنی پلانەكانی وەرگرتنی زۆرترین ژمارەی تووشبووانە بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا و كردنەوەی نەخۆشخانەی زیاتری تایبەت بە چارەسەركردنی نەخۆشی كۆڕۆنا لەمیانی ئامادەكاریەكانی بەرەنگاربوونەوی شەپۆل و ھەڵكشانی ئێستای ڤایرۆسی كۆڕۆنا كە بە خێرایی و ئاستێكی بەرز دستیپێكردووە.

بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا بە رێزبەندیكردنی نەخۆشخانەكان بەگوێرەی ئامادەیی و ئەولەویەت و هەروەها ئامادەكاریی وەزارەت بۆ پێداویستییەكانی دەرمان و پزیشك و هەروەها دابینكردنی ئامێر و ئۆكسجین.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگە وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ژمارەیەك گومانلێكراوانی حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنای ھیندی ناسراو بە دەلتا لە كوردستان ھەیە و دواتر لە ١٥ی ئەم مانگە وەزیری تەندروستیی ھەرێمی كوردستان سامان بەرزنجی دەستنیشانكردنی یەكەم ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاوی لە جۆری دەلتا لە ھەرێمی كوردستان راگەیاند و دواتریش ھۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە.

رۆژی ١٨ی مانگ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر رایگەیاند كە، بەھۆی بەرزبوونەوەی لەناكاو و خێرای ڤایرۆسی كۆڕۆنا و بەرزبوونەوەی ژمارەی خەواندنی نەخۆش لەنەخۆشخانەكان، جارێكی دیكە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا تەرخانكرا بۆ چارەسەركردنی نەخۆشانی كۆڕۆنا.

ھاوكات رۆژی ١٩ی تەممووز، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان سامان بەرزنجی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ھۆشدارییدا لەوەی ھەڵكشانی ئەمجارەی تووشبووانی كۆۆرنا مەترسیدارە و بەرزترین رێژەی تووشبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە ھەرێمی كوردستان راگەیاند كە لەمیانی ٢٤ كاتژمێردا ھەزار و ٩٨٥ كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببوون كە لەو ژمارەیەش ١٩ كەس بەھۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیی لەدەستدا بوو.

بەپێی ئامار و زانیارییەكانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان، چەند رۆژێكە رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە و بەپێی دوایین ئاماری ئەو وەزارەتەش، ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ٢٠٨ ھەزار كەس و لەو ژمارەیش چوار ھەزار و ٦٢٦ كەس گیانییان لەدەستداوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن