مامۆستایان ناچار بەوەرگرتنی ڤاكسین دەكرێن؟

چاوپێکەوتن

08/09/2021     ژمارەی بینراو 540

راچڵەكین-

جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، بڕیارێكی وایان نییە ناچاری (ئیجباری) بێت كە مامۆستا دەبێت هەمووی خۆی بكوتێت و ڤاكسین وەربگرێت بەڵكو تا ئێستا ئیختیارییە بەڵام هەمیشە داوایان لە مامۆستایان كردووە ڤاكسین وەربگرن و ئێستاش داوایان لێدەكەن.

مامۆستا عومەر ئەمین، بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:"هیچ بڕیارێكمان نە لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ هاتووە و نە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئیجباری كراوە بەڵام ئیمە خۆمان هەڵمەتەكەمان ڕاگەیاندووە و بەدەم هەڵمەتەكەشەوە هاتوون چونكە كارئاسانیمان بۆ كردوون لەكوێی مامۆستایانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بنكەیەك هەبێت تایبەت بێت بەخۆیان بچن و لەكوێ بچن لە بنكەیەكی تەندروستیدا یا لەگەڵ كۆی هاوڵاتیاندا سەرە بگرن بۆ لێدانی ڤاكسین بۆیە ئێمە ئەم هەڵمەتەمان كردووە ناتوانیین بڵێین ناچارییە، بەڵكو ئیختیارییە-ئارەزوومەندانەیە بەڵام داوادەكەین لەمینبەری ئێوەشەوە سەرجەم مامۆستایان ڕووبكەنە ئەو چوار بنكەی كە لەسنوری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادایە، بنكەی كۆمەڵگەی پەروەردەییە لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ دڵدار هەروەها بنكەی خاك لەگەڵ هۆڵی شەهید شەوكەت لە ڕۆژئاوا." 

وتیشی:" وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی داتاكان لە كۆمپیوتەر داخل دەكەین ئەو مامۆستایانەی كە دەچن وەریدەگرن، ئەوانیش تیمێك دەنێرن ڤاكسینەكە لێدەدات چوار بنكەمان دیاریكردووە، ئێمە بڕیارێكی وامان نییە ئیجباری بێت كە مامۆستا دەبێت هەمووی خۆی بكوتێت بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین زۆرترین كەس خۆی بكوتێت بۆئەوەی بتوانن بەئاسانی پۆلەكانی خوێندن دەوام بكەن، بۆئەوەی جارێكی دیكە ڕێگە نەگیرێتەوە لەخوێندن بەهۆی كۆرۆناوە."

جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بە ڕێگایەكی تری خۆپارێزی كرد و وتی " بێجگە لە ڤاكسین بۆ مامۆستایان، وەكو وەزارەتی پەروەردە تەندەرێكی ئامادە كردووە ڕەزامەندی وەرگرتووە بۆ سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاكان دەمامك و ماددەی پاكژكردنەوە دابین بكرێت ئەمەش هۆكارێكی دووەمە لەگەڵ لێدانی ڤاكسین بۆ مامۆستایان لەگەڵ پێداویستیەكانی خۆپارێزی چونكە ئەگەر ئێمە بمانەوێت بەڕاستی خوێندن نەوەستێت و نەبێتەوە بە ئۆنلاین پێویستە بەرنامەیەكمان هەبێت بۆ خۆپارێزی، لەئێستادا ئەم دوو بەرنامەیەمان ڕاگەیاندووە و هەڵمەتێكی باش دەكەین."

سەبارەت بە وەرگرتنی ڤاكسین بۆ مامۆستایان؟ عومەر ئەمین، وتی" ملیۆنێك و 800 هەزار خوێندكار لەسنوری وەزارەتی پەروەردە هەیە بەنزیكەیی 1/3 ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە ئەم ژمارەیە ئاسان نییە ئێمە بتوانیین ئەم هەڵمەتە بەتەنها بكەین و دەكەوێتە سەرشانی دایك و باوك، دایك و باوكیش پێویستە لای خۆیانەوە هاوكاری وەزارەتی پەروەردە بن بتوانن ئەوانیش لەڕێی بنكەكانی وەزارەتی تەندروستیەوە ئەوانیش مناڵەكانیان ببەن بۆ ئەوەی سەلامەتیان بپارێزن و جارێكی تر قوتابخانەو خوێندنگاكان دانەخرێنەوە. "

هەروەها زیاتر ڕونیكردەوە " هەڵمەتەكەی ئێمە (ڤاكسین) تەنها بۆ مامۆستایانە، بۆ خوێندكاران دایك و باوك خۆی هاوكاربێت بیبات بیكوتێت لەبنكەكانی تەندروستی، ئەگەر لەمەدا (هەڵمەتی ڤاكسین بۆ مامۆستایان) سەركەوتوو بووین و كۆتایی هات ئەوكاتە وەزارەتی پەروەردە بیر لەوە بكاتەوە هەڵمەتێكیش بۆ خوێندكاران بكات، بە بەردەوامی لە ڕێگەكانی وەزارەتی تەندروستی و ڕێكخرا و و ڕاگەیاندنەكانەوە بە بەردەوامی ڕیكلام دەكرێت لەسەرئەوەی خەڵك بچێت خۆی بكوتێت نەك هەر خوێندكار و مامۆستا بەڵكو هەموو هاوڵاتیان بچن، چونكە ئەگەر باوكێك ئیشێك بكات ئەگەر مامۆستاش نەبێت یان فەرمانبەر بێت لە دەزگایەكی تردا كە توش ببێت بەم ڤایڕەسە گواستنەوەكەی زۆر خێرایە وەكو دەزانرێت هەموو دنیای گرتۆتەوە بۆیە ئەگەر باوكەكەش توش ببێت هەم مناڵەكە توشدەكات بەهەمان شێوە مامۆستاكەش توشدەكات لەبەرئەوە لەم هەڵمەتە خەڵك وشیار بێتەوە و هەمووی خۆی بكوتێت."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێشبینی دەكەن ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆناوە پڕۆسەی خوێندن ڕابگیرێت؟ لە وەڵامدا جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتی" من پێشبینی دەكەم ئەمساڵ دۆخەكە زۆر باشتر بێت، بەڵام چەند ئێمە دەبێت خۆ پارێزیەكە توند بكەینەوە و دایك و باوكان وشیار بن، چونكە ئێمە 14 ی مانگ دەوام دەست پێدەكەینەوە هەفتانە ڕێژەی توشبوون وەردەگرین لە قوتابخانە و خوێندنگاكان ئەگەر بزانیین ڕێژەكە بەرزدەبێتەوە كەواتە بەدەست ئێمە نییە و لیژنەی باڵای كۆرۆنا هەیە، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكان هەیە ئەو بڕیار دەدات كە دەوام بوەستێت ئێمە ئومێد دەكەین دەوام نەوستێت روئیاشمان ڕۆشنە ئینشائەڵا پڕۆسەی خوێندن ناوەستێت، بە بەردەوامی ئێمە هەفتانە بەدواداچوونی خۆمان دەكەین و ژمارەكان بە داتا دەدەینە وەزارەتی پەروەردە."

سەبارەت بە ڕێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لە لایەن مامۆستایانەوە، مامۆستا عومەرئەمین دەڵێت:" تا ئێستا ئامارێكمان لەبەردەست نیە، خۆی نزیكەی 200 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرمان هەیە، نزیكەی 50 هەزارمان هەیە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ناتوانیین ئێستا شتێك بڵێن ڕاست دەرنەچێت بەڵام گەشبینم كە دەبینم خەڵك تەلەفون دەكات و پرسیار دەكات بنكەكە لەكوێیە و بچین بۆ كوێ؟ من بۆخۆشم ڕاگەیاندكارم بێجگە لەوەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیم من خۆم هەمیشە قسە لەسەر ئەم بابەتە دەكەم لەم دە ڕۆژەی دوایی لەوانەیە زۆرترین قسەم كردبێت لەسەر ئەوە كردبێت دوام لە مامۆستایان كردووە خۆیان بكوتن، من هەردوو ڤاكسینەكەم بەكارهێناوە لە ڕاگەیاندنەكاندا قسەمان لەسەر ئەوە كردووە، ئەوەی دكتۆرەكان و ڕاگەیاندنە جیهانییەكان قسەی لەسەر دەكەن بەڕاستی ئەگەر كۆرناش بگرنەوە نابێتەهۆی لەدەستدانی ژیانی تاكەكان لەوانەیە بەشێوەیەكی سوك بیگرن و ڕزگاریان بێت بۆیە پێویستە بیر لەوە بكەنەوە ڤاكسینەكە بەكاربهێنێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن