مستەفا كازمی لەگەڵ سەرجەم پارێزگارەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان كۆبوەوە

عێراق

11/09/2021     ژمارەی بینراو 208

راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی عیراق، رایگەیاند، لەسەرخستنی ھەڵبژاردنەكاندا، سەركەوتوو دەبن. ئاشكراشیكرد كە رێوشوێنی توند بە ئامانجی رێگرتن لە ئەنجامدانی ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا، گیراوەتەبەر.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ شەممە مستەفا كازمی بە ئامادەبوونی پارێزگارانی پارێزگاكان، فەرماندە ئەمنییەكان، سەرۆك و ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان سەرپەرشتی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردووە كە تایبەت كرابوو بە ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە.

بەپێی راگەیەندراوەكە،مستەفا كازمی لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە، 29 رۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە كە تاكە رێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و وتی: "ھەموو ئامادەكارییەكانمان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە تەواو بوون بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی بنكە و ناوەندەكانی دەنگدان و ھەروەھا چاودێریكردنی پرۆسەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی".

وتیشی: "ھەموو پێدوایستییەكانی كۆمیسیۆنمان دابینكردووە، تا بتوانێت ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە ئەنجام بدات بۆ ئەوەی خواستی گەل بەدی بھێندرێت".

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە كۆبوونەوەكەدا ئاشكرایكردووە كە رێوشوێنی توند بە ئامانجی رێگرتن لە ئەنجامدانی ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا، گیراوەتەبەر و وتی: "ئەمڕۆ سەردانی لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەكانم كرد لە نزیكەوە ئاگاداری جێبەجێكردنی پلانی ئەمنی تایبەت بە ھەڵبژاردنەكان بووم".

وتیشی: "جەخت دەكەمەوە لەسەر ئەوەی كە نابێت وەزارەتەكان و پارێزگاران، دەرامەتەكانی دەوڵەت بۆ بانگەشەكانی ھەڵبژاردنەكان بەكاربھێنن و داواشم لە كۆمیسیۆن كردووە ھەر كەسێك دەرامەتەكانی دەوڵەت بۆ بانگەشەكانی ھەڵبژاردنەكان بەكاربھێنێت، ئاگادارم بكاتەوە،داوایش لەسەرجەم كاندیدان و لایەنە سیاسییەكان دەكەم لە ھەڵبژاردنەكاندا، ركابەریەكی تەندروست بكەن".

بەپێی راگەیەندراوەكە مستەفا كازمی لە كۆبوونەوەكەدا وتی: "ھانی دەنگدەران دەدەم بەشداری كارا لە ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختەدا بكەن، چونكە نەوەكانمان شایەنی داھاتوویەكی باشترن و كاتی ئەوە ھاتووە گەندەڵی لە وڵاتەكەماندا، بنبڕ بكرێت".

وتیشی: "بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان و بەشداریكردنی زۆربەی دەنگدەران لە پڕۆسەكەدا، گەندەڵیی بنبڕ دەكەین و بەرەوڕووی گەندەڵكارانیش دەبینەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن