سەعدی پیرە: پۆستی سەرۆككۆماری عیراق یەكلاكراوەتەوە

چاوپێکەوتن

16/11/2021     ژمارەی بینراو 1371

راچڵەكین-

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، ئەو شاندەی یەكێتی كە چووە بەغدا بۆ كۆكردنەوەی زانیاری بوو لەسەر گفتوگۆ و بۆچونە جیاوازەكانی ناو ماڵی شیعە تا ئەو بۆچونانەی هەن بەكاربهێنرێن لە كاتی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی هاوبەش، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكرێت لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەمەڕ دامەزراندنی حكومەتی عێراق و ئەو پڕۆژە هاوبەشەش ببێتە بەشێك لە بەرنامەی حكومەت لەلایان.

سەعدی ئەحمەد پیرە بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" زانیارییەكان لەسەر لایەنەكان و بۆچونە جیاوازەكانیانی نێوان شیعەكان، و بۆچونەكانیان لەسەر دانانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و بەشداریكردن یاخود بەشدارینەكردن، هەروەها شێوەی گفتوگۆ هەمووی ئەنجامی باشی داوە، ئەو ئەنجامانەی كە هاتۆتەوە هەمووی بەكاردەهێنرێت لە كۆبونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەك و دەستەیەكی هاوبەش بۆ گفتوگۆ."

هەفتەی ڕابردوو پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدادی كرد، هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی ئەو حیزبەش، ڕایگەیاند:"شاندەكەی پارتی بۆ دانوستانی فەرمی پێكهێنانی حكومەت نەچونەتە بەغداد، بەڵكو هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوونی لایەنەكان و ڕەوشەكە دەكەن لە بەغداد. "

دواتر شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەجیا سەردانی بەغدادی كرد، ئەو سەردانانەش لەلایەن بەشێك لە لایەنەكان و خەڵكیەوە ڕەخنەی ئەوە گیرا كە لایەنە كوردییەكان بەتایبەت (پارتی و یەكێتی) داوای یەكڕیزی دەكەن بەڵام بەجیا سەردانی بەغداد دەكەن.”

سەعدی پیرە، لەو بارەیەوە دەڵێت:" ئەو شاندانە بۆ گفتوگۆ نەچون بەڵكو بۆ كۆكردنەوەی زانیارییە هەرچەندە لای وەفدێكی یەكێتیە، یا ڕەنگە لای وەفدێكی پارتی بێت یا لای وفدێكی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ نمونە وەفدێكی یەكگرتوو باس بكرێت لای لایەنێكی تر باس نەكرێت، ئەوەی دەزانم ئەو دوو لایەنە (پارتی و یەكێتی) وەفدییان ناردووە ئەویش بۆ وەرگرتن و ڕاوبۆچون و زانیاری لایەنەكانە نەك گفتوگۆی دامەزراندنی حكومەت، بۆیە ئەمە ڕێگە ناگرێت لەوەی هەردولا زۆر بەڕاشكاوی باسی پێكەوەیی بكەن بۆ بەغداد، دەتوانن بەجیاش وەفد بنێرن بۆ بەغداد بەپێچەوانەوە بۆچونێكی زۆرباشە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری."

سەبارەت بەوەی وەكو هەرێمی كوردستان لەكام لایەنی شیعە لەو دووبەرەیەی لە ئێستادا لە عێراقدا هەیە (بەرەی سەدر و بەرەی هاوپەیمانی هەماهەنگی) لەكامیانەوە نزیكن؟ لە وەڵامدا سەعدی پیرە وتی:" لە عێراقدا وەك عورفی لێهاتووە كە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكان بێت، ئێمەش چاوەڕێین لایەنە شعەكان پاش گفتوگۆی خۆیان بگەنە ڕێككەوتن ڕێز لە بۆچونی یەكگرتوویان دەگرین، دواتریش هێشتا گفتوگۆی جدی پێكهێنانی حكومەت دەستی پێ نەكردووە چونكە هێشتا ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند نەكراوە."

دەربارەی ئەوەی ئایا كورد بەیەكڕیزی دەچێتە بەغداد؟ سەعدی پیرە وتی:" هێشتا ئەو كۆبونەوەیەی كە پێویستە بكرێت بۆ ئەوەی كورد چۆن دەچێتە بەغداد نەكراوە بەڵام هەموو بۆچونەكان بەو ئاڕاستەیەیە كە كورد بەیەكڕیزی بچێتە بەغداد."

سەبارەت بە پۆستەكان، سەعدی پیرە وتی:" هێشتا زووە بۆ ئەوەی باسی پۆستەكان بكرێت، بەڵام ئەوە یەكلایی بۆتەوە كە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردە، هەرچەندە من زۆرم بۆ گرنگ نیە كە بە حەماسەوە باسی پۆستەكان بكەین چونكە خەڵكی كوردستان كێشەی تری هەیە، ئێمە لە عێراق كێشەی ترمان هەیە، دەستور هێشتا بەتەواوی جێ بەجێ نەكراوە، بارودۆخی ئەمنی لە هەرێمی كوردستان هێشتا جێگیر نیە وە بەشێك لە ناجێگیری بارودۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان حكومەتی ناوەندییە چونكە بەپێی ماددەی 110 ی دەستوری عێراق پارێزگاری لە سنورەكان واجبی حكومەتی عێراقە، هەروەها لەڕووی ئابورییەوە ئیلتیزاماتی خۆی جێ بەجێ ناكات ئەو تەنها بودجەیەك تەرخان دەكات لەو بودجەیەی دێتە دەستی بەبێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی كە ئەم حكومەتە لەڕووی ئەخلاقیەوە بەرپرسە لە كارەساتەكانی ئەنفال و هەڵەبجە و هەموو كارەساتەكانی تر، وەكو ئەوەی ئەم حكومەتە خێراتی حكومەتی پێشووی بۆ بەجێ مابێت بەڵام خۆی ناكات بە ساحێبی كارەسات و كێشەكانی دەبێت ئەوانە بەوردی باس بكرێن، جگە لەوە كێشەی پێشمەرگە كە دەبێت ببێت بە بەشێك لە مەنزومەی بەرگری عێراق لە ڕووی مەشق پێكردن و پڕچەك كردن و خزمەتكردنیانەوە، وە ئەو تێكەڵی و پێكەڵی هەیە لەلایەك حەشدی شەعبی و لەلایەك سوپا، بەڕاستی نامانەوێت حاڵەتێكی وەك ئەوەی لوبنان لە عێراقدا دروست ببێت."

لە كۆتایی وتووێژەكەدا سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی:" كورد ئەگەر بیەوێت كێشەی لە یەكڕیزیدا هەبێت دەبێت ئەوكات وەك حیزب مامەڵە بكات نەك وەك قەوارە و هەرێم، ئەگەر وەك حیزب مامەڵە بكات ئەوكات دەبێت بكەوێتە موزایەدە، ئەوە دەبێتە هۆكارێك بۆ "ئیبتزاز" كردنی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ئەو زۆرینەیەی لەبەغداد هەیە، ئێمە هەموومان بەیەكەوە كەمینەین جا ئەگەر كەمتریش ببینەوە ئەوا دەبێت ملكەچ بین بۆ زۆرینە و كەمینەی عێراق، كوردیش نایەوێت بەزۆرینە و كەمینە كێشەكانی چارەسەر بكات ئێمە سازانمان دەوێت."        

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن