راچڵەكین -
پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە دەستڕێژی گوللەی لە كافتریایەك كرد و بەهۆیەوە دوو كەس بریندار بوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی حدیاب و بنكەی بەحركە، تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە لە پێش كافتریایەكدا بە شێوەیەكی هەڕەمەكی 30 فیشەكی تەقاندبوو، بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی زامدار بوون.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، تیمەكانی پۆلیس توانیان لە كاتێكی پێوانەییدا شوێنی تۆمەتبارەكە دەستنیشان بكەن و دەستگیری بكەن. لە ئێستاشدا تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بە پێی ماددەی (٤٠٥/٣١) لە یاسای سزادان، راگیراوە.
بەپێی زانیارییەكان، تۆمەتبارەكە چەند رۆژێك لەمەوبەر لەو كافتریایە، كە دەكەوێتە گوندی لوبنانی، بەچەند كەسێك هێرشی كراوەتەسەر و لێیدراوە، ئەویش بۆ تۆڵەكردنەوە تەقەی لە كافتریاكە كردووە.