هەژماركردنی خزمەتی سەربازی و ئەمنی (ساڵێك بە دوو ساڵ) پەسەند دەكرێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 265

راچڵەكین -

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشنیازێكی تایبەت بە هەژماركردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێك بە دوو ساڵ) پەسەندكرد.

وەزارەتی پێشمەرگە لە پارگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەكی تایبەت بە چۆنیەتی ڕێكخستنی ماوەی خزمەت، ڕەزامەندی لەسەر پەسەندكردنی كۆنووسی هەژماركردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێك بە دوو ساڵ) "دوو چەندانە" دەربڕی، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی ڕاژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و كارمەندانی گشت دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم دراوە.

بەپێی ناوەرۆكی نووسراوەكە كە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە و  وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم كراوە، ماوەی هەژماركردنی ئەم خزمەتە لە ڕێكەوتی ٤ی تەممووزی ١٩٩٢، لە ڕاگەیاندنی یەكەم كابینەی حكومەتەوە دەستپێدەكات تاوەكو كۆتایهێنان بە ڕاژەكانیان. هەروەها پاڵپشت بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژماركردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێك بە دوو ساڵ تا ڕێكەوتی ٣١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٤ دیاریكراوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە، پرۆسەی هەژماركردنی ئەم خزمەتە بە مەرجێك دەبێت كە كارمەند یان ئەفسەرەكە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتی بداتەوە. بەپێی زانیارییەكان، هەر پێشمەرگەیەك پێویستە %10ـی مووچەی بنەڕەتیی ١٠ ساڵ بداتەوە كە دەكاتە نزیكەی ۳ ملیۆن و ۹۳٦ هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش بڕەكە دەگاتە شەش ملیۆن و ۳۳٦ هەزار دینار. سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێكی ئارەزوومەندانەیە، بەجۆرێك كە پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەكە خۆی داواكاری فەرمی بۆ هەژماركردنی ئاراستەی فەرمانگەكەی بكات.

سەبارەت بە گواستنەوەی ڕاژە، بڕیارەكە جیاوازی لەنێوان سێكتەرەكاندا دەكات؛ بەجۆرێك ئەو كەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنیەكانەوە ڕاژەكەیان بۆ بەشی شارستانی گوێزراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژماركردنی ساڵێك بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە. بەڵام ئەو كارمەند و ئەفسەرانەی میلاكیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەكانی وەك پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژماركردنی خزمەتەكەیان بە ساڵێك بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن