روونكردنەوەیەكی بەپەلە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمەوە

کوردستان

25/11/2021     ژمارەی بینراو 837

راچڵەكین –

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەیەك لەبارەی كوژرانی موراد كانی كوردەیی بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، ناوبراو فەرمانی دەستگیركردنی هەبووەو لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی، خۆی و پاسەوانەكانی تەقەیان لە هێزێكی فەرمی كردووەو كارمەندێكی ئەمنییان شەهید كردووە.

دەقی روونكردنەوەكە:

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێكی فەرمی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیركردنی داواكراو (موراد كانی كوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەكی مەدەنی و یاسایی ئەركی دەستگیركردنی ناوبراویان پێسپێردرا، لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانی كە لەگەڵیدا بوون رووبەڕووی ھێزەكە دەبنەوە كە لەكاتی ئەركدا بوون بۆ جێبەجێكردنی سەروەری یاسا، كارمەندێكی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەكەن و سێ كەسی تریش بریندار دەكەن.

لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشكێنان و ھەڵھاتوان موراد كانی كوردەیی و دوو لە پاسەوانەكانی دەكوژرێن.

لێرەوە بۆ رای گشتی رووندەكەینەوە دەزگا ئەمنییەكان بەدواداچوون دەكەن بۆ دەستگیركردنی ھەموو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەم رووداوەوە و لەدادگا ھەڵھاتوون و سەرجەم تۆمەتباران راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن