كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك : ئەگەر پارەمان بۆ خەرجنەكرێت كارەكانمان رادەگرین

ڕاپۆرت

28/04/2022     ژمارەی بینراو 435


راچڵەكین-

كێشەی خەرجكردنی پارە بۆ كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك لەسنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین تا ئێستا چارەسەر نەكراوە، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای شكاریش دەڵێت، ئەگەر تا ئێوارە وەڵاممان نەدرێتەوە كارەكانمان رادەگرین.

لەناو شاری سلێمانیدا سێ كۆمپانیا لە پێنج زۆندا رۆژانە كاری پاككردنەوە دەكەن و كۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ كۆمپانیاكانی پاكەرەوەی سلێمانی تەرخانكراوە یەك ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینارە.

شكار شۆڕش جێگری سەرۆكی كۆمپانیای شكار كە بەشێكی سلێمانی و زۆنی چەمچەماڵ و دووكان پاكدەكەنەوە، بە راچڵەكین-ی راگەیاند:" لە دوێنێ چوارشەممەوە ئێمە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر خەتین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان و ئەمڕۆ بەڵێنیان پێداوین كێشەكانمان بۆ چارەسەر بكەن بە پێدانی بڕیك پارە بۆ مووچەی كرێكارەكانمان بۆیە چاوەڕوان دەكەین بزانین پارەكەمان پێدەدرێت یاخود نا ئەگەر نا لە ئێوارەوە كارەكانمان رادەگرین."

دەشڵێت:" ئەگەر پارەی تەواومان پێبدەن ٧٠٠ ملیۆن دینارە، بەڵام ئەوان وتویانە ١٩٠ ملیۆن دینارمان پێدەدەن تەنها بۆ مووچەی كارمەندەكان بۆئەوەی كارەكان تا دوای جەژن رانەگیرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە لە سنوری چەمچەماڵ و دەرەوەی سلێمانی تا بەڵێنی تەواوەتیمان پێ نەدرێت دەست بە كارناكەینەوە، راگرتنی كارەكانمان لەوێ بەردەوامی پێ دەدەین"

كۆمپانیای شكار ناوشاری سلێمانی و هەردوو ناوچەی دووكان و چەمچەماڵ پاكدەكاتەوە و نزیكەی 780 كرێكار و 350 كارمەندی هەیە.

پێشتر وەزارەتی دارایی بە نووسراوێك بڕیاری خەرجكردنی سەدا ٦٠ی پارەی كۆمپانیاكانی داوە، بەڵام لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوووە بە نووسراوێكی تر بەبیانووی دابینكردنی مووچە خەرجكردنی پارەكە ڕاگیراوە.

رۆژی ٧-٤-٢٠٢٢، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی بڕی (٥،٨٧٤،٣٧٢،٠٠٠ ) دینار بۆ پڕۆژەی خاوێنكردنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاكی پارێزگای دھۆك، گوژمەكە لەسەر بودجەی ئاسایی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دھۆك خەرج دەكرێت.، بۆ ماوەی یەك ساڵ كە لە ڕێكەوتی ١-٩-٢٠٢١ تاوەكو ٣١-٨-٢٠٢.

ئەوە لە كاتێكدایە كە رۆژی ٨-٤-٢٠٢٢، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢وە،  ١٤ ملیار و نۆسەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دینار بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراوە، هەروەها حەوت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ ڕیسایكلین و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی تەرخان و خەرج كراوە.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵیشدا بافڵ تاڵەبانی ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بە قەرز دایە كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك، بەڵام ئەوان ئەو كات رایانگەیاند، ئەو بڕە پارەیە بە زەحمەت بەشی مانگێكیان دەكات.

راگرتنی پارەی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك تەنها سنوری سلێمانی گرتووەتەوە و ئەمەش گرفتی بۆ ژینگە و پاكوخاوێنی شارەكە دروستكردووە.

بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی حەوت هەزارو ٢٠٠ تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە‌و فڕێ دەدرێت كە لە سلێمانی بڕی ٢ هەزارو ٧٢٠ تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە، كە رێژەی ٣٨%ی كۆی گشتی زبڵ لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن