روونكردنەوەیەكی بەپەلە لە وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە

کوردستان

14/05/2022     ژمارەی بینراو 382

راچڵەكین –

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی چەند كێڵگەیەكی نەوتی لە كەركوك رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، بەپێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵكی عێراقە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە روونكردنەوەیەكدا وێڕای رەتكردنەوەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن حكومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەكداری، دەستی بە سەر چەند كێڵگەیەكی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەكۆمپانیای نەوتی باكوور لە كەركوكدا گرتووە، رایگەیاندووە: ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێكردووە، هۆكارەكەی سیاسییە و هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە.

دەقی روونكردنەوەكە:

ڕوونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە گوایە حكومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەكداری، دەستی بە سەر چەند كێڵگەیەكی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەكۆمپانیای نەوتی باكوور لە كەركووكدا گرتووە و داگیری كردوون.

ئاشكرایە بە پێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵكی عێراقە و هی كۆمپانیایەك نییە. كۆمپانیای نەوتی باكوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، كار دەكات و دەستوور پێشێل دەكات. ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باكوور، لە خەمی چارەسەكردنی كێشەكانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستور تەشریع بكرێت.

بۆیە ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێكردووە هۆكارەكەی سیاسییە و هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەكەنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ دروستكردنی ئاژاوە و دژی مافەكانی خەڵكی كوردستانە. 
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٤ی ئایاری ٢٠٢٢

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن