ئایندەی سیاسی لە عیراق دوای كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی

ڕاپۆرت

17/06/2022     ژمارەی بینراو 321

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر

راچڵەكین –

ھەرچەندە ئەستەمە بەو ھەنگاوەی موقتەدا سەدر بوترێت كە كۆتایی بە بنبەستی سیاسی لە عیراق ھاتووە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت، گرێكوێرەی سیاسی تا رادەیەك كرانەوە بە خۆی ببینێت، دەرفەت لە نێوان لایەنەكان بڕەخسێنێت، دیالۆگی نوێ و رێككەوتنی نوێ بۆ پێكھێنانی حكومەت دووبارە دەستپێبكاتەوە.

- دوور نییە موقتەدا سەدر لە یەكەم دەرفەتدا بە ھێزێكی زیاترەوە لە ركابەرەكانی بسووڕێتەوە و رای گشتیی عیراقیان لێ بشڵەقێنێت و گومانێك لەسەر ئەوە ھەیە كە رەنگە رابەری رەوتی سەدر لە ئەگەری ھەر كێشمەكێشێكی سیاسی، بگەڕێتەوە بۆ شەقام و جوڵەی شەقام وەك فشارێك دژ بە حكومەت بەكار بھێنێت و ئەو ترسە وا لە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەكات كە لە دانوستانەكانیدا رەوتی سەدر لەبیر ناكات.

سەرئەنجام رەوتی ناكۆكییەكان لە عیراق بە ئاراستەیەكی دیكەدا رۆیشت و موقتەدا سەدر ھەڕەشەكانی گەیاندە جێ و بڕیاریدا وەك خۆیان دەڵێن، لەپێناو رزگاركردنی نیشتمان و دەرچوون لەو دۆخە چەقبەستووە، پەرلەمانتارانیان دەست لەكاربكێشنەوە.

ھەرچەندە ئەستەمە بەو ھەنگاوەی موقتەدا سەدر بگوترێت كە كۆتایی بە بنبەستی سیاسی لە عێراق ھاتووە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت، گرێ كوێرەی سیاسی تا رادەیەك كرانەوەی بە خۆی ببینێت، دەرفەت لە نێوان لایەنەكان بڕەخسێنێت، دیالۆگی نوێ و رێككەوتنی نوێ بۆ پێكھێنانی حكوومەت دووبارە دەست پێبكاتەوە.

ئەوەش ساویلكانەیە ئەگەر بڵێین، ھەنگاوەكەی موقتەدا سەدر بە مانای كشانەوەی لە كۆی پڕۆسەی سیاسی وڵات دێت. دوور نییە موقتەدا سەدر لە یەكەم دەرفەتدا بە ھێزێكی زیاترەوە لە ركابەرەكانی بسووڕێتەوە و رای گشتیی عیراقیان لێ بشڵەقێنێت.

لە نەبوونی سەدرییەكان، چوارچێوەی ھەماھەنگی رۆڵی سەرەكی بۆ رێكخستنەوەی گەڕێكی دیكەی گفتوگۆكانی بەر دەكەوێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە رۆڵی لایەنەكانی دیكە، بە تایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی چوارچێوەكەدان، لەبەرچاو نەگیرێت. ئەوە یەكلابووەتەوە كە لە عێراق، بەبێ بەشداری ھەموو لایەنەكان، پێكھێنانی حكومەت ئەستەمە و گرفتخولقێنە.

پێكھاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دوای كشانەوەی سەدرییەكان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بە جۆرێك بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەكان دۆڕاوی یەكەمی ھەر بازنەیەك دەبێت بە جێگرەوەی ئەو نوێنەرەی كە دەستی لەكار كێشاوەتەوە و دەبێت لەو كاتەدا چاوەڕوانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان بكرێت كە جارێكی دیكە نەخشەی نوێی پەرلەمان رابگەیەنێت، بە پێی نەخشەی نوێ چوارچێوەی ھەماھەنگی پشكی شێری بەردەكەوێت، ئەگەری ھەیە ژمارەی كورسییەكانیان بۆ ١٤٠ كورسی زیاد بكات. 
سوننەیش كەمتر و كورد ھیچ سوودێك لە زیادبوونی كورسییەكان نابینێت، چونكە لە ھیچ ناوچەیەك ركابەری سەدرییەكانیان نەبوو.

چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەردەم دووڕیانی ھەڕەشە یان دەرفەت

گومانێك لەسەر ئەوە ھەیە كە رەنگە موقتەدا سەدر لە ئەگەری ھەر كێشمەكێشێكی سیاسی بگەڕێتەوە بۆ شەقام و جوڵەی شەقام وەك فشارێك دژبە حكوومەت بەكار بێھێنێت.

لایەنگرانی سەدر بە زۆری ئێران وەك ھەڕەشەیەك بۆسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەزانن، بە جۆرێك كە بەشێكی زۆر لە میدیاكانی نزیك لە سەدر لە دەستپێكی بڕیارەكە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانیان، ئێرانیان بە ھۆكاری تێكدانی دۆخەكە تۆمەتبار كرد. ژانەرە میدیاییەكانی سەدر بەس نەبوو بۆ ئەوەی بە ئاشكرا دەنگی ناڕەزایەتی دژبە دەستوەردانی ئێران نیشان بدە، بەقەدەر ئەوەی رۆژی دووشەممە ١٣ی حوزەیران لە گەورەترین یاریگای عێراق بە ناوی یاریگای شەعب بوو لە كاتی یارییەكی تۆپی پێیدا بۆ جامی عێراق، ھەزاران كەس لە ھەندەرانی نێو یارییەكە دروشمیان دژبە ئێران كێشا و گوتیان: "بۆ دەرەوە ئێران، ھەموو گەل لەگەڵتدایە سەدر".

ئەوە بە ئاشكرا ھەستی پێدەكرێت كە ئەگەر جوڵەی شەقام لە لایەن سەدرەوە كە لایەنگرەكانی پێیان خۆش نییە سەرەڕای بردنەوەی ھەڵبژاردن وا لە قافڵەی سیاسی بەپاش بكەون، كە ھەڕەشە لە كۆی پڕۆسەی سیاسی دەكات، تەنانەت ھەندێك لە چاودێران سەرھەڵدانی شەڕێكی ناوخۆ لە نێوان شیعەكاندا بە دوور نازانن.

بۆیە چاوەڕوان دەكرێت چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دانوستانەكانیدا رەوتی سەدر لەبیر ناكات و لانیكەم تیڕوانینی خۆیان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێ لە عێراق لەگەڵ سەدرییەكان باس بكەن، ھەر بۆیەش چوارچێوەی ھەماھەنگی لە یەكەم كاردانەوەیدا لەبارەی دەستلەكار كێشانەوەی بە كۆمەڵی ئەندامانی فراكسیۆنی سەدر دووپاتیان كردەوە كە خوازیاری بوونی سەدرییەكانیشن لە حكوومەتدا.

ئەوە وەك تێبینیەك لای چوارچێوەی ھەماھەنگی پرسێكی گرنگە، كە پێكھێنانی حكوومەت ئەگەر بەھێزەوە بێت، باشتر دەتوانن بەرگەی ھەر چەشنە فشارێك بگرن. ئەوەش وا دەكات، چوارچێوەی ھەماھەنگی لە پاڵ كورد و سوننە، چاوی لە بەشداریی سەدرییەكان یان لانی كەم لاری نەبوونیان بێت لە رەوتی پێكھێنانی حكوومەتدا و بەم شێوەیە بتوانن "پلانی سیاسەتی شەقام" پووچەڵ بكەنەوە.

چارەنووسی ھاوپەیمانییە سێقۆڵییەكە

ئەگەرچی تا ئێستا بە فەرمی نە سوننە و نە پارتی دیموكراتی كوردستان ھەڵوێستی فەرمی خۆیان لەبارەی داھاتووی ھاوپەیمانیی رزگاركردنی نیشیمان رانەگەیاندووە، بەڵام بەھۆی بوونی خاڵی ھاوبەشی كورد و سوننە بەرامبەر ئەزموونی دەوڵەتداری شیعە، ئەستەمە خواستەكانی لێك جیا ببێتەوە.

لەم بارەیەوە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند كە "ھاوپەیمانی سێقۆڵی بە دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییەكان كۆتایی پێھاتووە و پارتی دیموكراتی كوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی ئەگەر بیانەوێت بەردەوام بن دەبیتَ بیر لە چوارچێوە و ناوێكی ھاوبەش بكەنەوە".

بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە داھاتوویەكی نزیكدا، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە نێوان لایەنەكانی سوننە لە سەرووی ھەموویانەوە ھاوپەیمانی سەروەریی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە نوێنەرایەتی زۆرینەی ھەرێمی كوردستان دەكات، دەست پێ بكات و ئەگەر ھەیە ھەردوو لایەن بە یەك پاكێجەوە بەدەم خواستەكانیان لە دیالۆگەكان بچن.

پارتی دیموكراتی كوردستان و ھاوپەیمانی سەرەوەییش كارتی دەستلەكاركێشانەوەیان لە ئەنجومەنی نوێنەران لەبەردەستدایە، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "چاوەڕوانی ئەمری سەرۆك بارزانی دەكەین بۆ ئەوەی دەست لەكار كێشانەوەكەمان پێشكەش بكەین".

ئەوە بە دیدێكی دیكەوە دەتوانێت دەرفەتێك بێت بۆ سوننە و كورد كە جارێكی دیكە خواستەكانیان لە عیراقدا پێناسە بكەنەوە و لە ئەدای حكومەتی عیراقدا بیگونجێنن. كورد بە جیا و سوننە بە جیا خۆیان بە زیانمەندی پرۆسەی سیاسی لە عیراق دەزانن، بە تایبەتی لە ١٧ ساڵی رابردوودا كە شیعە تاكلایەنە حوكمی عیراقی كردووە.

رەنگە تەمووز، گەرمترین مانگی عێراق، ئەمساڵ گەرمترین مانگیش بێ بۆ سیاسییەكانی وڵات و گرێ كوێرەی هەشت مانگەی رێكەوتنی لایەنەكان و پێكهێنانی حكوومەت بكرێتەوە و یان بە پێچەوانەوە، شەقامی عێراقی ئەمجارەش هاوشێوەی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩ قسەی هەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن