راچڵەكین-
شەوی ڕابردوو، سوپای توركیا لەڕێی فڕۆكەی جەنگییەوە ئاسمانی عیراق و سوریای بەزاندو بەبیانووی ڕاوەدوونانی گەریلاكانی پەكەكەو یەپەگە، هێرشی كردە سەر باشورو رۆژئاوای كوردستان.
وەزارەتی بەرگریی توركیا لەڕاگەیەندراوێكدا ئۆپەراسیۆنەكەی بە "چنگی شمشێر" ناوبرد و ئاماژەی بەوەكردووە، پەلامارەكانیان پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان - پەكەكە و یەكینەكانی پاراستنی گەل - یەپەگەیان كردووەتە ئامانج.
ئەوەش هاتووە:" بەگوێرەی مافی بەرگریكردن كە لە بڕگەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا هاتووە، ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێر لە ناوچەكانی باكووری عێراق و سووریا ئەنجامدرا" كە وەكو خۆی دەڵێت، وەكو بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكەی لێیەوە بەكاردەهێندرێن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا لەرۆژئاوای كوردستان، شاری كۆبانێ-یان كردووەتە ئامانج، هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند پێگەیەكی سوپای سووریایان لە گرێ سپی لە رۆژئاوای كوردستان كردووەتە ئامانج.
میدیای فەرمیی توركیا بڵاویكردەوە، ئۆپەراسیۆنەكە چەند ناوچەیەك لە سنووری پارێزگای دهۆك و شنگال لە سنووری پارێزگای نەینەوا، كۆبانێ، سەرێكانی، تل رەفعەت دەگرێتەوە.