حكومەتی عیراق چەند بڕیارێكی گرنگ دەردەكات

عێراق

22/11/2022     ژمارەی بینراو 258

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد، كە بەشێكیان لەدژی بەرپرسە باڵاكانی حكومەتە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، گرنگترین ئەو بڕیارانەی بڵاوكردەوە كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بەكۆی دەنگ پەسەندكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا سەرجەم ئەو كارمەندە گرێبەستانەی ماوەی دوو ساڵی خزمەتكردنیان تەواوكردووە، بكرێنە هەمیشەیی.

هەروەها بڕیاردرا هەموو ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسانی دەوڵەت و پلە تایبەتەكان هەڵبوەشێندرێتەوە، میكانیزمی گەشتكردنی بەرپرسانی حكومەتیش بۆ دەرەوەی وڵات رێكدەخرێتەوەو لەمەودوا گەشتەكانیان تەنها لەڕێگەی فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی عیراقی دەبێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریشیدا ئەو لیژنە باڵایە هەڵبوەشێنێتەوە كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا پێكهێنرابوو، هاوكات بڕیاردرا بەپێكهێنانی لیژنەیەكی حكومی بۆ چاوخشاندنەوە بە دۆسیەی دەستی كاری بیانی لە عیراقدا.
 
یەكێكی دیكە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، پێدانی دەرماڵەیە بە توێژەران و فەرمانبەرانی تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی كە رێژەكەی لە 30% زیاتر نەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن