زانیاری لەسەر گوڵی بنجامین

کشتوکاڵ

31/03/2020     ژمارەی بینراو 193

گوڵی بنجامین

ڕاچڵه‌كین-
⁦بنجامین به‌ ڕازێنەڕەوەی دیکۆری ماڵ بە تایبەتمەندی وەک پاڵاوتنی هەوا و  فێنککەری ماڵ دادەنرێت و ژینگەی خۆی باشور و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە تایبەت هیندستانە. 

ئه‌م داره‌ یەکێکە لە سەرکەوتووترین ڕوەکەکان لە بواری ڕاهاتن لە ناو ماڵ و شوێنی داخراو هەر وەها بۆ کاری هونەری وەک  هۆندنەوە بە لقەکانی کە جوانێکەی چەند قات زیاد دەکا. 

ئەوکەسانەی کە پێشتر ئەزموونی بەخیوکردنی و ئاگاداری گوڵیان نەبووە بۆ یەکەم جار هەڵبژاردنی بنجامین کارێکی هەڵەیە، بەهۆی وەی کە ڕوەکێکی زۆر هەستیارە چاودێری تایبەتی دەوێت.

بنجامین لە گوڵانەیە کە لە زۆر ماڵان دەبینرێت بەڵام کەمتر کەسێک هەیە کە بتوانی بەباشی خزمەتی بکا تا جوانییەکەی دەرکەوێ ئەو پەلکە و ڕەنگە جوان و دڵڕفێنەی لە کاتی کڕین لە گوڵفرۆش هەبووە وەدستی بێنێتەوە.

⁦⁩بنجامین ئاشقی ڕووناکییە، ئەو ڕووەکە ڕووناکی زۆرتر پێویستە لە چاو گوڵەکانی تری ناوماڵ، بەڵام تیشکی ڕاستەوخۆی ڕۆژ تەحەمول ناکات. ⁦

⁩پەلی گەرمی ناو ماڵ بۆ بنجامین زۆر باشە لە کاتی هاویندا کە پلەی گەرمی لە سەرووی سی بوو دەبێ ببردرێتە ژوورەوە ، لە زستانیش دا دەبێ لە ژوورەوە بێت چونکە بە سەرما زۆر هەستیارە و پلە خوار 15 پله‌ به‌رگه‌ ناگرێت.

ئاودان : کاتێک خۆڵی سەرو تا پێنج سانتی گوڵدانەکە وشک بوو وەختی ئاودانی گوڵەکەیە.  لە زۆربەی ماڵان بە هۆی رەچاو نەگرتنی ئەو خاڵە و ئاودانی زۆر گوڵەکە دەفەوتێت.
 
باشتر وایە لە ئاوێک کەڵک وەرگیرێ کە چەند كاتژمێرێك مابێتەوە تا پلەی لەگەڵ ناوماڵ یه‌کسان بێت و باشتر وایه‌ هەرگیز لە ئاوی سارد کەڵک وەنەگرن. 

خۆڵ: بنجامین زۆری حەز لە پێکهاتەی شێدارە، تێکەڵاوی خاک بەرگ و لیم و تۆزێک قوم یا خیز.

خواردن: بنجامین بۆ گەشە کردن پێویستی بە خواردن هەیە کە لە  كۆتایی مانگی زستانەوە تا سه‌ره‌تای مانگی پاییز ده‌بێت مانگی جارێک بە( ٢٠ ٢٠ ٢٠ )یا هەمان NPK خواردنی بدرێتێ .

زستان کە کاتی خەو یان پشووه‌ بۆ ئه‌م گوڵه‌ و نابێت بە هیچ شێوەیەک خواردنی بدرێتێ، بەهۆی وە کە بنجامین بەجێگۆرکێ و ئاڵوگۆڕی دەوروبەری زۆر زۆر هەستیارە و بچکۆله‌ترین ئاڵوگۆڕی پەلکەکانی زیانی پێ ده‌گات و نابێ جێگای بگۆرێ یا ڕووناکی که‌م یان زۆر بكرێت.

لە زستان دا کە ڕێژەی ئاودان زۆر کەم دەکرێتەوە لە کاتی ئاودان نابێ ئاوی سارد بە گوڵ بدرێ، چونکە دەبێت هۆی وە کە پەلکەکانی خوارەوە لکەیان تێبکەوێت و بوەرن. 

⁩ شێ: دەتوانین ژێر گوڵدانەکە پڕبکەین لە وردە بەرد و ئاوی تێبکەین گوڵدانەکە لە سەر بەردەکان دابنێین ،بە شێوەیەک کە ئاو نەگات بە کونەکانی ژێر گوڵدانەکە (لە شێوەی دوورگە وێنەی یەک) .

نەخۆشییەکانی بنجامین:
کاتێک پەڵەی ڕەش لەسەر پەلکەکانی ده‌رکەوت ئەوە تووشی نەخۆشی قارچک هاتووە، لە وەها هەلومەرجێک دا دەبێ ئاڵوگۆڕی هەوا زیاتر بێ و خواردن لە کاتی خۆی دا بدرێ بە گوڵ تا بەرگری زیاتر بێ. دەتوانن لە دەرمانی ئارتوساید (Orthocide) بە ڕێژەی یەک کەوچکی چای لە یەک لتر ئاو، دووجار بە مەودای دە ڕۆژ کەڵک وەرگرن. ⁦

⁩یەکێک لە نەخۆشییە سەرەکییەکانی بنجامین ئەسپێی ئارداوی (وینەی 2) و ئەسپێی ئۆستراڵییە ( وێنەی 3 ) که ئەو نەخۆشییانەیە ئەگەر بە باشی چاوەۆێری گوڵەکە نەکرێ 90٪تووش دەبێ .

برینی لە شێوەی زیپکە لە سەر لقەکان لە دیاردەکانی ئەو نەخۆشییەیە ، بۆ لە ناوبردنی دەبێ لە دەرمانی کلرپیریفوس( Chlorpyrifos) بە ڕێژیدەی یەک سی سی لە یەک لتر ئاو تێکەڵ دەکرێ یان یەک لتر ئاو +دوو دڵۆپ زاهی یا ریکا + یەک کەوچک سرکە یا خەل( ئەگەر لە ئەڵکهوڵ کەڵک وەرگیرێ باشترە) و دووجار بە مەودای پێنج ڕۆژ بە شێوەی تۆز بە سەر گوڵەکە دا دەڕشێندرێ.

ئەگەر پەلکەکانی بێ عەیب دەوەرن هۆکارەکەی یا ڕووناکی کەمە کە دەبێ بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی رووناکتر و یا ئاوی کەم دراوەتێ کە دەبێ لەرووی خشتە و بە بەرنامە ئاوی بدرێتێ.

 هۆکاری وەک ساردی لە پڕ و ئاودان بە ئاوی سارد دەبێتە هۆی وەرینی پەلکە کەسێک و بێ عەیبەکان، ئەگەر پەلکەکانی وشک و ڕەق دەبن هۆکار گەرمی هەوایە، دەبێ ڕێژەی ئاودان زیاد بکرێ (ئەگەر بە دەست هەست بەدەست وشکی کرا کاتی ئاودانە ) و ڕۆژانە ئاوی بە شێوەی تۆز بە سەری دا بڕشێندرێ . 


ئا :عه‌بدولا محمد ڕحیم 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن