گروپی نوجابا لە عێراق: ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا کۆتاییهات

عێراق

30/07/2024     ژمارەی بینراو 616

راچڵەکین-

ئەندامێکی "ئەلنوجەبا"ی عێراق ڕایگەیاند، ئاگربەستی نێوان گروپە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی ئەمریکا کۆتایی هاتووە.

مەهدی کەعبی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاگربەستی نێوان گروپە چەکدارەکانی (مقاوەمەی ئیسلامی) لە عێراق و هێزەکانی ئەمریکا "کۆتایی هات".

ئەم بزووتنەوەیە کە بەشێکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاند.

بەڵام دواتر ئەلنوجەبا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کرد، کە تێیدا چەندین جار هەواڵی هێرشی مووشەکییان بۆ سەر ئیسرائیل بڵاوکردەوە، بەڵام هیچ کام لەو هێرشانە زیانی گیانی بەرچاوی لێنەکەوتەوە.

ئەکرەم ئەلکەعبی، سکرتێری گشتی میلیشیاکانی نوجەبا لە عێراق لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم بزووتنەوەی سەربازییەی دژی بنکە ئەمریکییەکان بە "ئارامی پێش تۆفان" وەسف کرد.

فەرماندەکانی میلیشیای نوجەبا و ئۆردوگاکانی حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکدارە ئەمریکییەکان کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستدا.

گروپە چەکدارەکانی عێراق لە 17ی ئۆکتۆبەر ڕایانگەیاند، تا شەڕی غەززە بەردەوام بێت، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا دەکەنە ئامانج. ئەم گرووپانە ئەمریکا بە هاوبەشی کارەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەزانن.

لەو کاتەدا هێزەکانی ئەمریکا لە میانی چەند هێرشێکدا پێگەی ئەو گروپە چەکدارانەیان لە سوریا و عێراق کردە ئامانج و هەڕەشەیان لێدەکرد ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، گورزی زیاتریان لێدەدەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن