راچڵەکین-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان
لەبارەی چەند ژمارە مۆبایلێکەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە: ئاگاداری
هاوڵاتییان دەکەینەوە، چەند ژمارە مۆبایلێکی وڵاتانی بیانی لە رێگای تۆڕی
کۆمەڵایەتی وەتس ئاپ بە ناوی هەلی کار و قازانج و کۆمپانیای بیانییەوە کورتەنامە
دەنێرن، دوای ئەوەی کە لەگەڵیان دەکەویتە پەیوەندی داوای کۆدێکت لێدەکەن کە رەوانە
کراوە بۆ هەمان ژمارەی وەتس ئەپەکەت.
ئاماژەی بەوەشکرد: لەگەڵ پێدانی ئەو کۆدە کە بۆت رەوانە
کراوە راستەوخۆ دەست بەسەر سەرجەم هەژمارەکانتدا دەگیرێت کە لەسەر ژمارەی
مۆبایلەکەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دانراوە.
باسی لەوەشکرد: دواتر لە بەرامبەر گەڕانەوەی هەژمارەکەت
داوای بڕێکی زۆر پارە دەکەن، بۆیە داوا دەکەین بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئەو جۆرە
پەیوەندییانە مەدەنەوە و هەر کۆدێک بۆ ژمارە مۆبایلەکەتان هات دەبێت کەس رەوانە
نەکرێت تاوەکو هەژمارەکانتان پارێزراو بێت.